ئەمەریکا هۆشداریی توند دەداتە عێراق

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا حکوومەتی عێڕاقی ئاگادار دەکاتەوە، چەند کەسایەتی و لایەنێکی سیاسی عێراقی سەرپەرشتی چوار تۆڕی قاچاخچێتی نەوت دەکەن کە بە چوار کەشتی بە ناوی نەوتی عێراقەوە، نەوتی ئێرانی بە بازاڕەکانی جیهان دەفرۆشنەوە و داهاتەکەشی دەدەنەوە بە ئێران، ئەمەریکا هۆشداری داوەتە عێراق ئەگەر ئەو کەسایەتیانە دەستگیرنەکرێن، سزا دەخەنە سەر کۆمپانیای سۆمۆ و بڕی 350 ملیۆن دۆلار پارەی نەوتی عێراق بلۆک دەکەن.
ئەحمەد سەرجی، شرۆڤەکاری ئابووری بە کوردستان24ـی گوت "سزاکانی ئەمەریکا لە سەر عێراق زۆر بوونە و جێبەجێ دەکرێن، چونکە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی پابەند نیە به ڕێکەوتنەکان، بۆیە زۆرترین سزای بەسەر دەسەپێنن، ئەمەش کاریگەریی خراپی لە سەر ئابووری وڵاتەکە دەبێت، بە تایبەت بەقاچاخبردنی نەوتی ئێران، کە خەڵکانێکی عێراقی لە پشتەوەیە، ئەمە کارەساتە دەبێت وەزیری نەوتی فیدراڵ ڕوونکردنەوەی هەبێت و ڕێگا نەدات بە هۆی ئێرانەوە تووشی سزایەکی نوێی ئەمەریکی بین."
پەرلەمانی عێراق دەیەوێت لێکۆڵینەوەی ورد لەم کەیسە بکات، چونکە عێراق زیاتر لە 90%ـی داهاتی پشت بە نەوت دەبەستێت و ئەگەر ئەو داهاتە بکەوێتە ژێر مەترسیەوە قەیرانێکی گەورەی دارایی سەر هەڵدەدات، هەر بۆیە لیژنەی نەوت و وزە هەفتەی داهاتوو بانگهێشتی وەزیری نەوت و هەردوو بەڕێوبەری کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیای گواستنەوەی وەزارەتەکە دەکەن، بۆ ئەوەی لێپێچنەوە لەو قاچاخچێتیە بکەن.
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پەیوەندیمان بە وەزیری نەوتی فیدراڵی کرد تاوەکوو بێتە پەرلەمان و پرسیاری دەربارەی ئەم پرسە لێبکەین، چونکە ئەو قاچاخچێتییە مەترسیی دەخاتە سەر هەناردەی عێراق، گوتیشی: لە 95%ـی داهاتی عێراق پشت بە هەناردەی نەوت دەبستێت.
لە چوارچێوەی ئابڵوقە ئابوورییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر وڵاتی ئێران، وڵاتانی جیهان ئاگادارکراونەتەوە کە بەهەموو جۆرێک قەدەغەیە نەوت و بەرهەمەکانی لە ئێران بکڕن، هەر وڵاتێکیش مامەڵەی لەو شێوە بکات سزای ئابووری دەخرێتە سەری .