کۆمیسیۆن دەنگۆیەک لە بارەی بانگەشەی هەڵبژاردن ڕەتدەکاتەوە

ئەندامێکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق دەڵێت، ئەو دەنگۆیانەی ئێستا لە نێو خەڵک و پارتە سیاسیەکان بڵاوبۆوەتەوە، کە گوایە مانگی ئەیلوول بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق دەست پێ بکات ڕەتدەکەینەوە، گوتیشی، ئێستا سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ جیاکردنەوەی ناوی کاندیدەکان.
شەممە 12-7-2025. حەسەن هادی زاید، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ماددەی چواری یاسای هەڵبژاردنی عێراق هاتووە (هەموو کاندیدێک مافی خۆیەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بکات بەپێی ئەو یاسایەی کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە بۆی دیاریکراوە).
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا لە نێو پارتە سیاسییەکان دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە کە لە مانگی ئەیلوول دەتوانن دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن، بەڵام ئێمە ڕەتی دەکەینەوە وهەرلایەنێکیش پێش وادەی دیاریکراو دەست بە بانگەشە بکات، توشی سزای یاسای دەبێت.
9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردبووەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.