پەرلەمانی ئێران: چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سیخوڕی ئیسرائیلن

جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەمنیی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: لەناو پێڵاوی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئامێری سیخوڕیمان دۆزیوەتەوە.
شەممە، 12ـی تەممووزی 2025، حوجەتولئیسلام سەید مەحموود نەبەوییان، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فارس، ڕەخنەی لە شێوازی کاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم گرت و گوتی: لەوەی چاودێرانی ئەو ئاژانسە سیخوڕن، هیچ گومانێکمان نییە؛ ئەمە ڕاستییەکە و هەمووان دەیزانن. کاتێک ئەوان دێنە ناو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە، دەیانپشکنین و ئامێری سیخوڕیی لە ناو پێڵاوەکانیاندا دەدۆزینەوە!
نەبەوییان، ئاماژەی بەوەش کرد "بۆ نموونە ئیسرائیل چۆن زانی ئێمە لە نەتەنز دامەزراوەی ئەتۆمیمان هەیە؟ ئەوان یان بە هۆی مانگە دەستکردەکانی ئەمەریکا یان لە ڕێگەی سیخوڕەکانیانەوە بەوەیان زانیوە. من لە گروسی، سەرۆکی ئاژانسەکە دەپرسم، ئێوە تا ئێستا دەربارەی سێ پێگەی ئێمە بانگەشەی ناڕاست بڵاو دەکەنەوە، ئایا ئیسرائیل داوای لێتان کردووە ئەوە بکەن؟ ئەگینا چۆن ئێوە بانگەشەی ئاوها دەکەن؟ ئێمە دەزانین ئێوە لە پەنا کاری چاودێریی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێمەدا، سیخوڕیی دەکەن."
جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەمنیی پەرلەمانی ئێران هەروا گوتی: وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێمە 10 ملیۆن بەڵگەنامەی نهێنی لە ئیسرائیل وە دەست هێنا، لە ناو ئەو بەڵگەنامانەدا دەرکەوت کە جەنابی گروسی ڕاپۆرتەکانی ئێمەی سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانمان داوە بە ئیسرائیل!
نەبەوییان گوتیشی: کاتێک دەڵێن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل دەکات، لە خۆمانەوە ئەو قسەیە ناکەین، بەڵکوو بەڵگەی ڕاست و تەواومان لەبەر دەستدایە. کاتێک چاودێرانی ئەو ئاژانسە دەیانەوێت سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان بکەن، لە لایەن پاسەوانانی دامەزراوەکەوە دەپشکێنرێن و ئامێری سیخوڕیی لەناو پێڵاوەکانیاندا دەدۆزرێتەوە! بۆ ئەوانە دەیانەوێت کێ بخەڵەتێنن؟لەوەش سەیرتر، کاتێک ئێمە ڕاپۆرتەکانی خۆمان دەدەینە گروسی و هاوکارەکانی، پاش ماوەیەکی کەم، ناوەرۆکی ڕاپۆرتەکانمان لە ڕۆژنامە ئیسرائیلی و ئەمەریکییەکاندا بڵاو دەکرێنەوە! ئایا بەڕاستی ئەمە شێوازی کارکردنی ئاژانسێکی نێودەوڵەتییە؟
نەبەوییان لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: لەبەر ئەم هۆیانەیە، ئێمە ئامادە نین لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا کار بکەین، تا ئەو کاتەی ئەوان شێوازی کارکردنی خۆیان دەگۆڕن.