دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچە کۆدەبێتەوە

سبەینێ دادگای فیدراڵی لەبارەی نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە کۆدەبێتەوە.
بڕیارە سبەینێ دووشەممە 14ـی تەمموززی 2025، دادگای فیدڕاڵی کۆببێتەوە و فەرمانی وەلائی بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەربکات، کە لەلایەن حکوومەتی فێدڕاڵیەوە بڕدراوە.
دوو سکاڵا لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆمار کراون، سکاڵاکان لە دژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقن.
لە سکاڵای یەکەمدا داوا کراوە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ململانێی سیاسیی و خەرجی ڕاستەقینە جیا بکرێتەوە.
سکاڵای دووەمیشدا داوا کراوە، دادگای فیدراڵی وەزارەتی دارایی عێراق پابەند بکات بە ناردنی مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە شێوەی مانگانە لە کاتی دیارییکراوی خۆیدا، بەبێ ئەوەی تێکەڵ بە کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بکرێت، یاخود لێکدانەوەی جیاواز بۆ یاسای بودجەی فیدراڵی بکرێت.
پێشتر دادگای فیدراڵی فەرمانی دەرکردوە، کە نابێ مووچەی فەرمانبەران تێکەڵ بە بابەتی سیاسی و کێشەی تەکنیکی بکرێت و دەبێت مووجەی فەرمانبەران بدرێت.
حکوومەتی فیدراڵی مووچەی مانگی پێنج و شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە و ئێستاش گفتوگۆکان لەنێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن بە مەبەستی چارەکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆران.