ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران: ئێمە نەک لە ئەمەریکا ناترسین، بەڵکو دەیترسێنین

عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران
عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی باڵای دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ڕایگەیاند، لە جەنگی 12 ڕۆژەدا، نەخشە و پلانەکانی دوژمنانمان هەڵوەشاندوە.

چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، بڵاوی کردەوە، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی باڵای دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ڕایگەیاند "لە ماوەی جەنگی 12 ڕۆژەدا، نەخشە و پلانەکانی دوژمنانمان هەڵوەشاندەوە. گەلی ئێران، سەرەڕای جیاوازی بیروباوەڕی سیاسی و مەزهەبی، بە یەکێتییەکی مەزنەوە بەرگرییان لە ئیران کرد و ئەرکی هەمووانە ئەم یەکێتییە بپارێزین."

عەلی خامنەیی، ئاماژەی بۆ سەردەمی ڕژێمی پاشایەتی ئێران کرد و گوتی: بەکرێگیراوانی ڕژێمی بنەماڵەی پەهلەوی، تەنانەت لە دانیشتنە تایبەتەکانیان و بە نهێنیش نەیان دەوێرا ڕەخنە لە ئەمەریکا بگرن، لە کاتێکدا ئێمە نەک لە ئەمەریکا ناترسین، بەڵکو دەیترسێنین؛ ئەمە ئەنجامی توانا و بڕوابەخۆبوون وئیرادەی گەلەکەمانە. 

ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەختی لەوە کردەوە "دۆستان و دوژمنان دەبێ ئەو ڕاستییە بزانن کە گەلی ئێران هەرگیز بە لاوازی و بێهزیی ناچێتە مەیدان، ئێمە هەموو کەرەستە پێویستەکان، وەک توانای سەربازی و دیبلۆماسیمان هەیە و بە ئامادەیی تەواو و پشتیوانی خوا، بەرەنگاری دوژمنان دەبینەوە."

عەلی خامنەیی، باسی لە هاوکاریی نێوان ئیسرائیل و ئەمەریکا کرد و ڕایگەیاند "هەرچەند ئێمە ئیسرائیل و ئەمەریکا بە تاوانکار دەزانین، بەڵام ئێمە شەڕخواز نەبووین، هەر کاتێکیش دوژمن پەلامارمانی دابێت، وەڵامی قورس و سەرکوتکەرانەمان داوەتەوە. ئەگەر ئیسرائیل توانای بەرگریی لە خۆی هەبووایە و بێهێز و بێدەسەڵات نەبووایە، دەستەودامێنی ئەمەریکا نەدەبوو."  

ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاماژەی بە هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر بنکەی سەربازیی 'عەدید'ی ئەمەریکا لە قەتەر کرد و گوتی: هێرشی ئێران بۆ سەر ئەو ناوەندە زۆر هەستیارەی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، یەکجار کاریگەر بوو؛ لە داهاتووشدا دەردەکەوێت کە ئێران چ زەبرێکی گەورەی لە ئەمەریکا وەشاندووە. دیارە دەتوانین زەبری گەورەتر لە ئەمەریکا و لایەنی دیکەش بدەین."

عەلی خامنەیی ڕوونیشی کردەوە "دوژمن بە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی خۆی، وای دەزانی بە لێدانی هەندێ کەسایەتی و ناوەندی هەستیاری ئێران، سیستەمی حوکم لە وڵاتەکەماندا لاواز دەبێت و پاشان شانە نووستووەکانی بەکرێگیراوەکانیان، وەک شاپەرستەکان و لایەنگرانی موجاهیدینی خەڵک و چەقۆکێشەکان بهێنێتە سەر شەقامەکان و دنەی خەڵک بۆ ڕاپەڕین بدەن و بەو جۆرە حکوومەتی ئیسلامیی بڕووخێنن. بەڵام وەک دوایی دەرکەوت، نەخشە و پلانەکانیان سەری نەگرت و لێکدانەوەکانیان هەڵە بووە." 

ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، جیاوازیی بیروڕا سیاسی و مەزهەبییەکانی پێچەوانەی یەکڕیزیی بۆ بەرگریی ڕاستەقینە و هاوبەش لە ئێران، نەزانی و گوتی: دەستنیشانکردن و چارەکردنی لێکنەگەیشتنەکان کارێکی پێویستە، بەڵام پێویست ناکات جەخت لە دەرخستنی گرفتە بچووکەکان بکرێت، ئەو لێکنەگەیشتنانەش دەبێ بەجۆرێک چارە بکرێن کە نەبنە مایەی گرفت بۆ وڵاتەکەمان. 
 
عەلی خامنەیی، گوتی: دەرخستنی پشتیوانیی و وەفاداریی بۆ سیاسەتە گشتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کارێکی پێویستە، بەڵام لەقاودانی جیاوازییەکانی نێوان لایەنەکان، کارێکی زیانبەخشە. ئەو، هەروا کاردانەوە و هەڵوێستی خەڵک، بە تایبەتی لاوانی بە ئاسایی لە قەڵەم دا، بەڵام جەختیشی کردەوە لەوەی "بێحەوسەڵەیی و لاقچەقاندن و هەڵەشەیی، کارێکی زیانبەخشە." 

ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کۆتایی قسەکاندا گوتی:  دەزگا بەرپرسە سەربازی و دیبلۆماسییەکان دەبێت چالاکییەکانیان بە هێز و بە ئاراستەیەکی ڕاست پەرە پێ بدەن. ئەوان دەبێت زۆر بە هۆشیارییەوە کار بکەن، چونکە لە مەیدانی کاری دیبلۆماسیدا، هەڵبژاردنی ئاراستەی ڕاست، زۆر گرنگە. لەوانەیە کەسێک، یان بەرپرسێک دەربارەی مەسەلەیەکی دیبلۆماسی یان سەربازیی، ناڕەزایەتیی دەرببڕیت؛ من ناڵێم ناڕەزایەتییەکانتان دەرمەبڕن، بەڵام دەبێت ئەوە بە جۆرێکی گونجاو و پاش لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاریی ڕاست بکەن؛ چونکە، هەندێک لەو بۆچوون ناڕەزاییانەی کە لە میدیاکانەوە بڵاو دەکرێنەوە، لە ئەنجامی زانیاریی هەڵە و ناڕاستەوەیە.

 

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment