دانیشتووانی تاران: جیاکاریی لە دابەشکردنی کارەبا دەکرێت

بچڕانی کارەبا لە شەقامێکی تاران
بچڕانی کارەبا لە شەقامێکی تاران

دانیشتووانی ژمارەیەک لە شەقام و گەڕەکەکانی تاران، گلەیی لە جیاکاریی لە دابەشکردنی وزەی کارەبا دەکەن و دەڵێن: ڕۆژانە ئەو جیاکارییە بەردەوامە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، کە ئەمڕۆ، چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، بڵاوی کردووەتەوە  "20 شەقام و گەڕەکی تاران، وەک شەقامی فیدائیانی ئیسلام، مەیدانی موعەلیم، گەڕەکی دەوڵەتئاباد، مەیدانی نارنج و زۆری تر، ڕۆژانە، بۆ ماوەی دوو سەعات کارەبایان دەپچڕێت؛ لە کاتێکدا لە چەند شەقامی دیکەی نزیک لەوان، بەردەوام کارەبا هەیە. ئەمەش بووەتە مایەی ڕەخنە و گلەیی هاووڵاتیان و دوکاندارانی ئەو ناوچانە."

گۆشتفرۆشێک لە شەقامی حەرەم، ڕەخنەی لە دۆخی کارەبا گرت و بە پەیامنێری 'تەسنیم' ی گوت: بچڕانی ڕۆژانەی کارەبا لەم شەقامەی ئێمەدا، بووەتە هۆی ئەوەی ئامێرەکانی ساردکەرەوە  لەکار بکەون و کڕیارەکانمان لە دەست بدەین؛ ئەمە لە کاتێکدا کارەبای ئەوبەری شەقامەکە، هەرگیز نابڕێت! ئاخر ئەمە کەی دادپەروەرییە؟

ئافرەتێکی سەوزەفرۆشیش کە لە هەمان شەقامدا دوکانی هەیە، دەڵێت: ئێمە ئامێری وردکردن و بەستەبەندیی سەوزەمان هەیە، کاتێک کارەبا دەبڕێت، ئەو ئامێرانە لەکار دەکەون و کڕیارەکانمان تووڕە دەبن و دەڕۆن، کەچی دوکانەکانی بەرانبەرمان بەردەوام کارەبایان هەیە!


فرۆشیارێکی ماددەی خۆراکی لە بازاڕی گەورەی تاران، دەڵێت: لەم گەرمای هاوینەدا هەڵگرتنی گۆشت و ماددە خۆراکییەکانی دیکە، زۆر ئەستەمە. بڕێکی زۆر لەو ماددە خۆراکییانە بە هۆی پچڕانی کارەباوە خراپ بوونە و ناچار بووین فڕێیان بدەین. ئەگەر هەمووان وەک یەک کارەبامان بپچڕێت، ئەوە تا ڕادەیەک ئاساییە؛ بەڵام کاتێک ڕۆژانە، تەنیا کارەبای بەشێکی بازاڕەکە دەکوژێتەوە، ئەمە ئیتر نادادپەروەرییەکی ئاشکرایە. 

چەندان دوکانداری دیکە لەو شەقام و گەڕەکانەدا هەمان گلەیی و ڕەخنەیان هەیە، ئەوان دەڵێن "هەمیشە ئەو کاتانەی بازاڕ قەرەباڵەغە و کڕیارمان زۆرە، کارەبا دەکوژێتەوە؛ ئەوەش دەبێتە هۆی تووڕەیی و لە دەستدانی کڕیارەکانمان و لەم نێوانەشدا، ئێمە زیان دەکەین."

دوکاندارانی بازاڕەکان، بە ئاشکرا ڕەخنە لە شێوازی دابەشکردنی کارەبا دەگرن و دەڵێن: ئێمەش پارەی کارەبا و باج و کرێی دوکان و تێچووکانی دیکە دەدەین، بەڵام پچڕانی بەردەوامی کارەبا، باری ژیان و کاسبیمانی زەحمەت کردووە. لە کاتێکدا گەڕەکەکانی باکووری تاران هەرگیز کارەبایان ناپچڕێت! بۆ دەبێت جیاوازیی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر هێندە گەورە بێت؟

وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە ڕەخنەی هاووڵاتیان، کۆمپانیای دابەشکردنی وزەی کارەبای تاران، لە بەیاننامەیەکدا، ڕایگەیاندووە "کوژاندنەوەی کارەبا لە سەرجەم 22 ناوچەکانی تاران، بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە جێبەجێ دەکرێت وهیچ نابەرابەرییەک لەوەدا ناکرێت."

ماوەی ساڵێک زیاترە، کەمیی ئاستی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکان و کەمیی سووتەمەنیی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، لە ئێران سەری هەڵداوە و کاریگەریی نەرێیی زۆری کردووەتە سەر کەرتی ئابووری و پیشەسازیی وڵاتەکە.   

 
 
Fly Erbil Advertisment