ههولێر.. یەکەم کاروانی عومرەکاران لە دوای وهرزی حهج بەرەو سعوودیە بەڕێکەوت

دوای کۆتایهاتنی وەرزی حەج، یەکەم کاروانی عومرەکارانی ههرێمی كوردستان له دوای تهواوبوونی وهرزی حهج، بەڕێگەی وشکایی لە هەولێرەوە بەرەو سعوودیە بەڕێکەوت و ژمارەیان 90 کەسە.
ئەمشەو چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، یەکەم کاروانی عومرەکارانی ههرێمی كوردستان لە دوای کۆتایهاتنی وەرزی حەج بەرەو سعوودیە بەڕێ کەوت.
پەیامنێری کوردستان24، لە کاتی بەڕێکەوتنی عومرەکاران قسەی لەگەڵ چەند عومرەکارێک کرد و گوتیان: ماوەی 25 ڕۆژە چاوەڕێین گەشتەکانی عومرە دەست پێبکاتەوە، کە نرخەکەی 350 دۆلارە، هەروەها ئەوانەی بە ڕێگەی وشکایی گەشت دەکەن ژمارەیان 90 کەسە.
بەرێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای ئامادەکردنی پرۆژەیەک و پەسەندکردنی لە لایەن وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حكوومهتی ههرێمی كوردستان بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی پرۆسەی عومرە لە هەرێمی کوردستان و خزمەتکردنی عومرەکاران، ڕێنمایی و مەرجەکانی ئەو کۆمپانیانە ڕێکخراونهتەوە، تاوەکوو لە زووترین کاتدا گەشتەکانی عومرە دەست پێبکەنەوە.