سه‌باح نو‌عمان: شوێنی هه‌ڵدانی درۆنه‌كانمان ئاشكرا کردووە

گوته‌بێژی فەماندەی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق، ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانی لیژنه‌ی تایبه‌ت به لێكۆڵینه‌وه له هێرشه‌كانی سیسته‌می ڕادار و پێگه سه‌ربازییه‌كانی عێراقی ڕاگەیاند.
هەینی 18ـی تەممووزی 2025، سه‌باح نو‌عمان، گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشكرای كرد، لێكۆڵینه‌وه‌كان توانییان ئه‌وه پشتڕاست بكه‌نه‌وه، كه ئه‌و درۆنانه له ده‌ره‌وه‌ی عێراق دروست كراون، كه له هێرشكردنه سه‌ر چه‌ندین پێگه‌ی سه‌ربازی و سیسته‌می رادار له عێراق به‌كار هێنراون، هەروەها درۆنه‌كان هه‌ڵگری كڵاوه‌ی جه‌نگیی كێش جیاوازن.
هه‌روه‌ها گوتیشی: لیژنه‌ی تایبه‌ت به لێكۆڵینه‌وه له‌و بابه‌ته به وردی شوێنی هه‌ڵدانی ئه‌و درۆنانه‌ی ئاشكرا كردووه و درۆنه‌كان له ناوخۆی عێراقه‌وه هه‌ڵدراون.
سه‌باح نو‌عمان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه، توانیوانه ئه‌و لایه‌نه‌ش ئاشكرا بكه‌ن، كه هێرشه‌كانیان ئه‌نجام داوه، بەڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی ناسنامه‌ی ئه‌و هێرشبه‌رانه ئاشكرا بكات.
گوتیشی: له لێكۆڵینه‌وه‌كانمان گه‌یشتووینەتە ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه هه‌موو درۆنه‌كان یه‌ك جۆرن و تەنیا یەک لایه‌ن ئه‌و کارەی ئه‌نجام داوه.