20 بەرپرس و فەرمانبەر و ئەفسەر لەسەر ئاگرەکەی کوت ڕاگیران

ئەمڕۆ شەممە، 19ـی تەممووزی 2025، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی ئاگرەکەی 'هایپەر مارکێتی' شاری کوت، ئەنجامە سەرەتاییەکانی ڕاگەیاند، دەرەنجامەکان لێکۆڵینەوەی سەرەتایی بریتین لە ڕاگرتنی 17 بەرپرس و فەرمانبەری حکوومی و سێ ئەفسەر، کە بەهۆی کەمتەرخەمی کارەساتەکەی گەورەتر کردووە و زیانەکانی زیاتر بوونە.
بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، میقداد میری، ڕایگەیاند، "لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کە بە فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی پێکهێنراوە، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی و بەڵگە و پێداچوونەوەی مەیدانی لەگەڵ شایەتحاڵەکان، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە، کەمتەرخەمییەکی ئاشکرا لەلایەن ژمارەیەک بەرپرس و فەرمانبەرەوە لە چەند بەشێکدا هەبووە، کە بووەتە هۆی خراپتربوونی کارەساتەکە و زیانەکانیشی زیاتر بوونە."
ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەکە بڕیاریدا بە ڕاگرتنی کاتی 17 بەرپرس و فەرمانبەر و سێ ئەفسەر لە پارێزگای واست، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان.
میقداد میری دووپاتی کردەوە، لیژنەکە بەردەوام دەبێت لە کارەکانی تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن و دواتر بە شێوەیەکی شەفاف بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنرێت.
ڕەگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی عێراق
پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هایپەرمارکێتێکی پێنج نهۆمی، لە شاری کوت، ناوەندی پارێزگای واست بڵاو کردەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی ڕووداوەکەوە، 61 کەس گیانیان لە دەست داوە کە زۆرینەیان بەهۆی دووکەڵێکی زۆرەوە خنکاون و تەرمی 14 کەسیش بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتان، ناناسرێنەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، 45 کەس لە لایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە ڕزگار کراون کە لە باڵەخانەکەدا گیریان خواردبوو.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان
لەدوای کەوتنەوەی ئاگرەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوخەمیی خۆی بۆ ڕووداوەکە دەربڕی، هاوکات ئامادەیی هاوکاریکردنی بۆ پێشوازیکردن و چارەسەری بریندارانی ڕووداوەکە گەیاندە وەزیری تەندروستی فیدراڵ و پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی واست.
بەرگریی شارستانی عێراق
پێنجشەممە 17ـی تەممووزی 2025، نەئواس سەباح، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی ڕاگەیاند: کاتێک باڵەخانەکە ئاگری گرت تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەر زوو گەیشتنە شوێنەکە و توانیان 45 هاووڵاتی ڕزگار بکەن، هەروەها زۆرینەی قوربانییەکانی ڕووداوەکە لە نهۆمەکانی سەرەوە بوون، لە کاتێکدا زۆرینەی هاووڵاتییانی نهۆمەکانی خوارەوە توانیان خۆیان دەرباز بکەن.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئاماژەی بەوە کرد، سەرەتا ئاگرەکە لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەکە دەستی پێ کردووە، کە تایبەت بوو بە فرۆشتنی بۆن و کەلوپەلی جوانکاریی ئافرەتان.
ڕوونیشیکردەوە، ڕووبەری باڵەخانەکە 350 مەتر دووجایە و پێنج نهۆمە، نهۆمی چوارەم و پێنجەم چێشتخانە بووە، نهۆمی یەکەمیش هایپەر مارێکت بووە، نهۆمی دووەمیش تایبەت بووە بە فرۆشتنی بۆن و کەلوپەلی جوانکاریی ئافرەتان، نهۆمی سێیەمیش تایبەت بوو بە فرۆشتنی کەلوپەلی ناوماڵ.
نەئواس سەباح، گوتی: لە هەموو نهۆمەکانی باڵەخانەکەدا ڕەچاوی ڕێوشوێنی سەلامەتی نەکراوە، لە ماوەکانی ڕابردوودا خاوەنی باڵەخانەکە پێبژاردنی بۆ کرا و باڵەخانەکەی بۆ ماوەی شەش مانگ داخرا، سەرەتا باڵەخانەکە تەنیا چێشتخانەی تێدا بووە، بەڵام دواتر خاوەنەکەی بە نایاسایی کردوویەتی بە مۆڵێکی بازرگانی.
کەسوکاری قوربانیان
بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی مۆڵەکەی شاری کوت، کەسوکاری قوربانییەکان لەبەردەم باڵەخانەکە خۆپیشاندانیان کرد و دروشمی ئەوەیان بەرزکردبووەوە،" هەموویان دزن".
کەسوکاری قوربانییەکان تۆمەتیان خستە پاڵ بەرپرسانی وڵاتەکەیان کە چاودێری ئەو شوێنە گشتییانە ناکەن و بە " گەندەڵ" ناویان بردن، گوتیان: بەهۆی نەبوونی کەل و پەلی پێویستی ئاگرکوژاندنەوە لە باڵەخانەکەدا، ئەم کارەساتە ڕوویداوە.