بەرگریی شارستانی: ئاگری باڵەخانەکەی شاری کوت، سەرەتا لە نهۆمی دووەمەوە دەستی پێکرد

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق دووپاتی کردەوە، ئاگری باڵەخانەکەی شاری کوت، سەرەتا لە نهۆمی دووەمەوە دەستی پێکرد، کە تایبەت بوو بە فرۆشتنی بۆن و کەلوپەلی جوانکاریی ئافرەتان.

پێنجشەممە 17ـی تەممووزی 2025، نەئواس سەباح، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی ڕاگەیاند: کاتێک باڵەخانەکە ئاگری گرت تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەر زوو گەیشتنە شوێنەکە و توانیان 45 هاووڵاتی ڕزگار بکەن، هەروەها زۆرینەی قوربانییەکانی ڕووداوەکە لە نهۆمەکانی سەرەوە بوون، لە کاتێکدا زۆرینەی هاووڵاتییانی نهۆمەکانی خوارەوە تونیان خۆیان دەرباز بکەن.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئاماژەی بەوە کرد، سەرەتا ئاگرەکە لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەکە دەستی پێ کرد، کە تایبەت بوو بە فرۆشتنی بۆن و کەلوپەلی جوانکاریی ئافرەتان.

ڕوونیشیکردەوە، ڕووبەری باڵەخانەکە 350 مەتر دووجایە و پێنج نهۆمە،  نهۆمی چوارەم و پێنجەم چێشتخانە بووە، نهۆمی یەکەمیش هایپەر مارێکت بووە، نهۆمی دووەمیش تایبەت بووە بە فرۆشتنی بۆن و کەلوپەلی جوانکاریی ئافرەتان، نهۆمی سێیەمیش تایبەت بوو بە فرۆشتنی کەلوپەلی ناوماڵ.

نەئواس سەباح، گوتی: لە هەموو نهۆمەکانی باڵەخانەکەدا ڕەچاوی ڕێوشوێنی سەلامەتی نەکراوە، لە ماوەکانی ڕابردوودا خاوەنی باڵەخانەکە پێبژاردنی بۆ کرا و باڵەخانەکەی بۆ ماوەی شەش مانگ داخرا، سەرەتا باڵەخانەکە تەنیا چێشتخانەی تێدا بووە، بەڵام دواتر خاوەنەکەی بە نایاسایی کردوویەتی بە مۆڵیکی بازرگانی.

میقداد میری، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: سەرۆک وەزیران بڕیاری داخستنی سەرجەم پڕۆژە نایاساییەکانی دا

میقداد میری، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: خاوەنی باڵەخانەکە سەرەتا مۆڵەتی بە ناوی چێشتخانە وەرگرتووە و بە نایاسایی گۆڕیویەتی بۆ ناوەندێکی بازرگانی.

باسی لەوەش کرد، ئەو کەسانەی کە کەمتەرخەم بوون و هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکە بوون، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێن و چاوپۆشی لە کەس ناکرێت.

بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع سوودانی، بڕیاری داوە بە داخستنی سەرجەم پرۆژە نایاساییەکان، چاوپۆشی لە هیچ خاوەن پرۆژەیەک ناکرێت.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە باڵەخانەکەدا ڕەچاوی ڕێوشوێنی سەلامەتی نەکراوە و خاوەنەکەی لە ماوەکانی ڕابردوو ڕاپێچی دادگا کرا بوو و پێبژارنیشی بۆ کرابوو و باڵەخانەکەش داخرا بوو. بەڵام دواتر خاوەنەکەی سەرپێچی یاسای کردووە و باڵەخانەکەی بە شێوەیەکی نایاسایی کردووەتەوە.

محەممەد جەمیل مەیاحی، پارێزگاری واست

پارێزگاری واست: ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە لە ماوەی هەفتەیەکدا ڕادەگەیەنین

لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، محەممەد جەمیل مەیاحی، پارێزگاری واست ڕایگەیاند: خاوەنی مۆڵەکە بەرپرسیارەتی تەواوی ڕووداوەکە لە ئەستۆدایە، مۆڵەتی وەبەرهێنانی نەبووە و پرۆژەکەی لە چێشتخانەیەکەوە گۆڕیوە بۆ ناوەندێکی بازرگانی، هەروەها پرۆژەکە داخرا بوو، بەڵام خاوەنەکەی بەبێ ڕەزامەندی یاسایی دوو ڕۆژ لەمەوبەر کردوویەتییەوە.

پارێزگاری واست، دەشڵێت: ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی شاری کوت، لە ماوەی هەفتەیەکدا ڕادەگەیەنین.

جەختی لەوەش کردەوە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە سەرجەم دوکان و چێشتخانە نایاساییەکان کە مۆڵەتیان نییە دادەخرێن.

ڕووداوی ئاگرەکەی شاری کوت

پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە مۆڵیکی پێنج نهۆمی لە شاری کوتی سەر بە پارێزگای واست، 61 کەس گیانیان لە دەستدا، کە زۆرینەیان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە خنکاون،

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بارەی ڕووداوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، باڵەخانە بازرگانییە پێنج نهۆمییەکە، لە خواردنگەیەک و هایپەرمارکێتێک پێکدێت و تەنیا حەوت ڕۆژە کراوەتەوە. 

وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە، بە مەبەستی زانینی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکهێنراوە و جەختیش لەوە کراوەتەوە، هەر کەسێک کەمتەرخەم بووبێت، ڕێکاری یاسایی لەگەڵ دەگیرێتەبەر. ڕاشیگەیاندووە، دواتر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنن. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment