کەسوکاری قوربانییانی ئاگری مۆڵەکەی شاری کوت: بەرپرسان هەموویان گەندەڵن

کەسوکاری قوربانیانی مۆڵە سوتاوەکەی شاری کوت دژی خەمساردی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق هاتنە سەر شەقام و دروشمی: "ئێوە دز و گەندەڵن" یان بەرزکردەوە.

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە مۆڵیکی پێنج نهۆمی لە شاری کوتی سەر بە پارێزگای واست، 61 کەس گیانیان لە دەستدا کە زۆرینەیان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە خنکابوون، هەر بەهۆی ئەو ڕووداوەوە، کەسوکاری قوربانییەکان لەبەردەم باڵەخانەکە خۆپیشاندانیان کرد و دروشمی ئەوەیان بەرزکردبووەوە،" هەموویان دزن".

کەسوکاری قوربانییەکان تۆمەتیان خستە پاڵ بەرپرسانی وڵاتەکەیان کە چاودێری ئەو شوێنە گشتییانە ناکەن و بە " گەندەڵ" ناویان بردن، گوتیان: بەهۆی نەبوونی کەل و پەلی پێویستی ئاگرکوژاندنەوە لە باڵەخانەکەدا، ئەم کارەساتە ڕوویداوە.

لەدوای کەوتنەوەی ئاگرەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوخەمیی خۆی بۆ ڕووداوەکە دەربڕی، هاوکات ئامادەیی هاوکاریکردنی بۆ پێشوازیکردن و چارەسەری بریندارانی ڕووداوەکە گەیاندە وەزیری تەندروستی فیدراڵ و پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی واست.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بارەی ڕووداوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، باڵەخانە بازرگانییە پێنج نهۆمییەکە، کە لە خواردنگەیەک و هایپەرمارکێتێک پێکدێت و تەنیا حەوت ڕۆژە کراوەتەوە، سووتاوە.

وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە، بۆ زانینی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکهێنراوە و جەختیش لەوە کراوەتەوە، هەر کەسێک کەمتەرخەم بووبێت، ڕێکاری یاسایی بەرانبەر وەردەگیرێت، ڕاشیگەیاندووە، دواتر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنن.

 
 
Fly Erbil Advertisment