یاسای بازرگانیی سنوورنشینان لە خاڵی سنووریی سەیرانبەند چووە بواری جێبەجێکردنەوە

پارێزگاری کوردستان ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە جێبەجێکردنی یاسای ڕێکخستن و چاودێریکردنی بازرگانیی سنووری و دروستکردنی هەلی کاری بەردەوام بۆ سنوورنشینانی بانە، بە فەرمی دەستی پێ کرد.

شەممە، 19ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی میهر، بڵاوی کردەوە، ئارەش زەرەتەن لهۆنی، پارێزگاری کوردستان، لە کاتی ئامادەبوونی لە دەروازەی سنووریی سەیرانبەند، لە ڕێوڕەسمی جێبەجێکردنی یاسای ڕێکخستن و چاودێریکردنی بازرگانیی سنووریدا، ڕایگەیاند "ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی ڕابردوو، کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی وەزیرانی ناوخۆی ئێران و عێراق و پاکستان، سەبارەت بە ئاسانکاریی لە هاتووچۆی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسەین بەڕێوە چوو. دوای کۆبوونەوەکە، لەگەڵ سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، بابەتی بەفەرمیناسینی دەروازەی سنووری سەیرانبەند خرایە ڕوو و بڕیار درا لێکۆڵینەوەی دەربارە بکرێت."

لهۆنی، دەربارەی یاسای بازرگانیی سنوورنشینان کە مانگی شوباتی ڕابردوو لە پەرلەمانی ئێران پەسەند کرا، گوتی: ئەم یاسایە لە لایەن حکومەتەوە ڕاگەیەنراوە و پێویست بوو ژێرخانی جێبەجێکردنی لە پارێزگاکاندا دابین بکرێت.

یاسای بازرگانیی سنوورنشینان ئیمتیازاتی باشی بۆ خەڵکی ناوچە سنوورییەکان دەبێت

پارێزگاری کوردستان گوتی: لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆژەکەوە، بەدواداچوونم بۆ جێبەجێکردنی یاسای بازرگانیی سنوورنشینان کردووە، کە ئەمڕۆ لە بانە بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت و هیوادارین دەستکەوتی باشی بۆ خەڵکی شارە سنوورییەکان و پارێزگای کوردستان هەبێت.

لهۆنی هەروا گوتی: بەپێی ئەو ئیمتیازاتانەی لەم یاسایەدا پێشبینی کراوە، ئەمساڵ باجی گومرکی و قازانجی بازرگانی لە داهاتی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە سفر دەبێت و باجی بەهای زیادکراو %50 دەبێت و کاڵاکان بەبێ پێدانی باجی گومرگی دێنە ناو شارەکانی پارێزگای کوردستانەوە؛ جگە لە شاری بانە، شارەکانی مەریوان، سەوڵاوا و سەقزیش ئەم یاسایەیان تێدا جێبەجێ دەکرێت.

 
Fly Erbil Advertisment