پزیشکی دادی کوت 15 تەرمی سووتاوی ڕووداوی مۆڵەکە ڕادەستی خانەوادەکانیان دەکاتەوە

بەشی پزیشکی دادی لە نەخۆشخانەی زەهرا لە کوت، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، تەرمە سووتاوەکانی ڕادەستی خێزانەکانیان کردەوە، ئەمەش دوای پشکنینی 'دی ئێن ئەی'یان بۆ کراوە و ناسراونەتەوە.
پزیشکی دادوەری ناسنامەی تەرمی 15 کەسی ئاشکرا کرد کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هایپەرمارکێتی کوت گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە پشکنینی 'دی ئێن ئەی' بۆ ئەو 15 تەرمە نەناسراوە کردووە، لە ئەنجامدا ناوی ئەو کەسانە دەرکەوتووە کە بەهۆی ئاگرەکەوە شێوەیان نەناسراوەتەوە و شێواو بووە.
پێنجشەممە 17ـی تەممووز، لە هایپەرمارکێتێکی شاری کوت کە ماوەی هەفتەیەک بوو کرابوویەوە، ئاگر کەوتەوە و نزیکەی 70 کەس گیانیان لەدەستدا کە ئافرەت و پیاو و منداڵی تێدابوو.
پێشتر وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردبوو، "بەهۆی ئاگری هایپەرمارکێتەکەی کوت 61 کەس گیانیان لەدەستداوە و کە 14 تەرم نەناسراونەتەوە.
شەممە، 19ـی تەممووزی 2025، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی ئاگرەکەی 'هایپەر مارکێتی' شاری کوت، ئەنجامە سەرەتاییەکانی ڕاگەیاند، دەرەنجامەکان لێکۆڵینەوەی سەرەتایی بریتی بوون لە ڕاگرتنی 17 بەرپرس و فەرمانبەری حکوومی و سێ ئەفسەر، کە بەهۆی کەمتەرخەمی کارەساتەکەی گەورەتر کردووە و زیانەکانی زیاتر بوونە.