بارسێلۆنا سەرجەم مووچەکەی راشفۆرد دەدات

مارکۆس راشفۆرد هێرشبەری یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، نزیکە لە پەیوەندی کردن بە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا و یانە ئینگلیزیەکەش، تەنها بەو مەرجەی بارسێلۆنا هەموو مووچەکەی بدات، ئامادەیە ئەو یاریزانە بە شێوەی خواستن پێشکەشی بکات.
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی زانیاری دەستکەوتووە، بەرپرسانی مان یونایتد رازین بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو، مارکۆس راشفۆرد یاریزانی یانەکەی، بە شێوەی خواستن و بە مەرجی کڕینەوە هەمیشەیی، ئەو یاریزانە پێشکەشی بارسێلۆنا بکەن، هەروەها یانە کەتەلۆنیەکەشیان ناچار کردووە هەموو مووچەکەی ئەو یاریزانە بدەن.
چوونی یاریزانەکان لە یانەیەک بۆ یانەیەکی دیکە و بە شێوەی خواستن مەرجەکان جیاوازن و دەگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی نێوان یانەکان، بە تایبەت پرسی مووچەی یاریزانانە. زۆربەی ئەو یاریزانانەی بە شێوەی خواستن یانەکەیان جێدەهێڵن، یانەکەی خۆی نیوەی مووچەکەی دەدات و نیوەکەی دیکەش ئەو یانەیەی کە پەیوەندی پێوە دەکات.
یانەی بارسێلۆنا سەرەڕای ئەوەی لەم ساڵانەی دوواییە بەهۆی زۆری مووچەی یاریزانەکانی تووشی قەیرانێکی قول بووەتەوە، بەڵام لەناکاو بڕیاریاندا کە راشفۆرد بگوازنەوە ریزەکانیان هەموو مووچەکەشی پێبدەن کە مووچەی هەفتانەی ئەو یاریزانە 315 هەزار پاوەندە.
بەم شێوەیە ئەگەر بێتو گواستنەوەی کاتیەکەی راشفۆرد ببێتە فەرمی و پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا بکات، ئەو یاریزانە دەبێتە خاوەنی سێیەم بەرزترین مووچە لە یانە کەتەلۆنیەکە و پێش رافینها یەکێک لە ئەستێرە دیارەکانی یانەکە دەکەوێت.