دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی لە دژی گرێبەستە گازییەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان ڕەت کردەوە

دادگای فیدراڵی، سکاڵایەکی دژی گرێبەستە گازییەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئێچ کەی ئێن و وێستێرن زاگرۆسی ئەمەریکی ڕەت کردەوە.  

ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـی تەممووزی 2025، دادگای باڵای فیدراڵی، بە فەرمی ئەو سکاڵایەی لە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکرا بوو، بۆ بە نادەستووری ناساند و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانیی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن و وێستێرن زاگۆرسی ئەمەریکی، ڕەت کردەوە.

سکاڵاکە لە لایەن ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، بە ناوی باسم نغێمش جەلیف غرێباوی، لە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم تۆمارکرابوو. ئەو پەرلەمانتارە داوای کردبوو، ئەو گرێبەستانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 19ـی ئایاری 2025، لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن و وێستێرن زاگۆرسی ئەمەریکی کردوویەتی بە مەبەستی پەرەپێدانی وەبەرهێنانی گاز لە هەردوو کێڵگەکانی میران و تۆبخانە - گردەمیر، دادگای باڵای فیدراڵی گرێبەستەکان بە نادەستووری بناسێنێت و هەڵیانبوەشێنێتەوە.

هەر لە سکاڵاکە ئەو پەرلەمانتارە داوای کردووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بکرێت بەوەی لە داهاتوودا بۆ هەر گرێبەستێکی دیکەی پەیوەست بە نەوت و گاز بگەڕێتەوە بۆ حکوومەتی فیدراڵ، بەڵام دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە ڕەتکردنەوەی سکاڵاکە وەڵامی ئەو پەرلەمانتارەی داوەتەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment