مەریوان حاکم: پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری شارەوانییەکان بەردەوام دەبێت

پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوامە و بڕیار وایە لەم هەفتەیە ژمارەیەکی دیکەی فەرمانبەران سوودمەند بن لە وەرگرتنی زەوی.
مەریوان حاکم، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری شارەوانییەکان بەردەوام دەبێت، دوای ئەنجامدانی تیروپشک لە شارەوانی بەحرکە لەم هەفتەیە دا، لە هەردوو شارەوانی دارەشەکران و قوشتەپە تیروپشک بۆ هەموو ئەو فەرمانبەرانە دەکرێت کە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی.
مەریوان حاکم، گوتیشی: لە ماوەی دوو مانگ لە سنووری 18 شارەوانی زەوی دابەشدەکرێت، هیچ کەسێک نامێنیت سوودمەند نەبێت لە وەرگرتنی زەوی، لە هەردوو شارەوانی زیاتر لە سێ هەزار پارچە زەوی دابەشدەکرێت.
دەربارەی دابەشکردنی کارتی زەوی بۆ ئەو کەسانەی سوودمەند بوونە، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، تاوەکوو وردبینی تەواو نەکرێت و دڵناببینەوە لەوەی هیچ گرفتێک دروست نابێت، کارتەکان دابەش ناکرێن.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.