وادەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ بوون بە کارمەندی سەر سندوقی دەنگدان درێژ کرایەوە

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وادەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ بوون بە کارمەندی سەر سندوقی دەنگدان تا سەرەتای مانگی داهاتوو درێژ کردەوە.
یەکشەممە 20ـی تەممووزی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دەستەی کۆمیسیاران ڕەزامندیی دەربڕێوە لەسەر درێژکردنەوەی وادەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ بوون بە کارمەندی سەر سندوقی دەنگدان تا 1ـی ئاب.
کۆمیسیۆن، ڕایگەیاند: هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی ئەم لینکەوە داواکاری بۆ مەبەستی بوون بە کارمەندی سەر سندوقی دەنگدان، پێشکەش بکەن.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، سەرجەم فەرمانبەرانی دامودەزگا حکوومییەکان و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان، دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن، جگە لە هێزە ئەمنی و سەربازیەکان، هەروەها ئەوانەی داواکاری پێشکەش دەکەن دەبێت لانی کەم بڕوانامی دبلۆمیان هەبێت.
هەینی 18ـی تەممووزی 2025، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بڵاوی کردەوە، تا ئێستا 771 هەزار و 655 کەس، بۆ هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ناوی خۆیان بۆ کارمەندی سەر سندوقی دەنگدان تۆمار کردووە.
باسی لەوە کرد، زۆرترین کەس لە پارێزگای نەینەوا خۆیان تۆمار کردووە کە ژمارەیان 76 هەزار و 713 کەسە و کەمترین کەسیش لە پارێزگای موسەننایە، ژمارەکەش 15 هەزار و 719 کەسە.
لە 3ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەرگای پێشکەشکردنی داواکاری بۆ بوون بە کارمەندی سەر سندوقی دەنگدان ڕاگەیاند.
9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.