هۆشدارییەک لە مایکرۆسۆفتەوە سەبارەت بە هێرشی "ڕۆژی سفر"

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت هۆشدارییەکی بڵاو کردەوە سەبارەت بە "هێرشی چالاک" بۆ سەر نەرمئامێری سێرڤەرەکان کە لە لایەن دامودەزگا حکوومەتییەکان و کۆمپانیاکانەوە بەکار دەهێنرێن بۆ هاوبەشکردنی بەڵگەنامەکان لەناو دامەزراوەکاندا.

لە هۆشدارییەکدا، مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند "کەلێنە ئەمنییەکان تەنها تایبەتن بە سێرڤەرەکانی  (SharePoint) کە لەناو دامەزراوەکاندا بەکار دەهێنرێن." کۆمپانیاکە، پێشنیازی کردووە کە نوێکردنەوەی ئەمنی پێویستە و دەبێت بەکارهێنەران دەستبەجێ جێبەجێی بکەن.

مایکرۆسۆفت، ڕوونی کردەوە، بەرنامەی شەیرپۆینت ئۆنلاینی مایکرۆسۆفت 365، کە لەسەر هەور (کلاود) کار دەکات، ڕووبەڕووی هێرشەکان نەبووەتەوە.

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) ڕایگەیاند "ئاگەداری هێرشەکانە و لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانی لە کەرتی فیدراڵی و تایبەت، کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەکات، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەخستە ڕوو."

ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" کە یەکەم سەرچاوە بوو هەواڵی دزەپێکردنە ئەلیکترۆنییەکەی بڵاو کردەوە، ڕایگەیاند "لایەنە نەناسراوەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کەلێنێکی ئەمنییان قۆستووەتەوە لەوێوە هێرشیان کردووەتە سەر دامودەزگا و کۆمپانیا ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکان."

ڕۆژنامەکە لە زاری شارەزایانەوە بڵاوی کردەوە، هێرشەکە بە "ڕۆژی سفر" ناسراوە، چونکە لە کەلێنێکی نەناسراوەوە دزەی کردووە.

 
Fly Erbil Advertisment