دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کوردستان کۆدەبێتەوە

کاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی تەممووزی 2025، پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی دەکرێتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان، کۆدەبێتەوە.
دووشەممە 21ـی تەممووزی 2025، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەسەر داوای فراکسیۆنی پارتی، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەی نا ئاسایی پەرلەمانی عێراق، کاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆ دەست پێ دەکات بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی دوو بابەت گفتوگۆ بکەن، بابەتی یەکەم پرسی ئاگری مۆڵەکەی کوت دەبێت، بابەتی دووەمیش، پرسی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
هەر بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا تەنیا گفتوگۆ لەبارەی هێرشە درۆنییەکانەوە بکرێت، هیچ بڕیارێک لەو بارە دەرناکرێت، چونکە زۆرێک لە ئەندامانی پەرلەمانی شیعە کە سەر بە باڵەکانی حەشدی شەعبین، پێیان وایە هێرشەکان لە دەرەوەی سنووری عێراەوە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان، نەوەک لەنێو عێراقدا، لەگەڵ ئەوەی، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو، بەشێک لەو هێرشانەی ئەنجام دراون، لەنێو عێراقەوە، بە درۆنی عێراقییەوە ئەنجام دراون.
سەرباری ئەوەی، فەرماندە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق سێ ڕۆژ پێش ئێستا ڕایگەیاندبوو: ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناوچە چۆڵەکانی دەورووبەری نەینەوا و سەڵاحەدین ئەنجام داوە، چەند زانیارییەکیان دەستکەوتووە لەبارەی ئە هێرشانەی کراونەتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش لە هەولێر و دهۆک، بەڵام زانیاری زیاتری نەخستە ڕوو، ناوی ئەو لایەنەشی ئاشکرا نەکرد کە لەپشتی هێرشەکانەوەن.
هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستانی لە 180 بۆ 200 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە کەم کردووەتەوە، ئەمەش کاریگەریی بەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت هەیە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.
دوو لێژنە لە عێراق پێکهاتووە، لێژنەیەکیان لە وەزارەتی بەرگریی و دامەزراوە ئەمنییەکان کە لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی،هەواڵگریی پێکهاتوون، لێژنەیەکی دیکەش لە لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانیان، بڕیارە ڕاپۆرتی کۆتایی خۆیان سەبارەت بەو هێرشانەی کراونەتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، پێشکەش بە سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، هەروەها پەرلەمانی عێراق بکەن.