سبەی لە بارەی ناردنی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت بڕیار دەدرێت

بڕیارە سبەی سێشەممە 22ـی تەممووزی 2025، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان لیژنەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و جێبەجێکردنی ئەو لێکتێگەیشتنەی لە نێوان هەردوولا کراوە، بەڕێوە بچێت.

بە گوێرەی بە دواداچوونەکانی کوردستان24، تاوەکوو ئیستا دیار نییە کۆبوونەوەکەی سبەی هەردوو لیژنەکە لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ یان لە هۆڵی پێشوازیی و میواندارییەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوە دەچێت.

لە بارەی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراق پەیوەستە بەو پابەندیانە، کە لە ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ هاتووە.

هەروەها ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو دوو لیژنەیەی لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم پێکهێنراوە، سبەی کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر میکانیزمی هەناردە کردنەوەی نەوت و داهاتی نانەوتی دەکەن، بەڵام دوای هەناردەی نەوتی هەرێم، حکوومەتی فیدراڵ مووچەی مانگەکانی ئایار، حوزەیران و تەممووز ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.

هەر لەبارەی لێکتێگەیشتنی نوێی هەرێم و بەغدا، محەممەد نووری، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە کۆبوونەوە سبەی سێشەممە کرد و گوتی: کۆبوونەوەیەکی هاوبەشمان هەیە، کە لیژنەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، بە ئامانجی جێبەجێکردنی پابەندییەکانی هەرێم، کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لێدراوە، ئامادە دەبن.

گوتیشی: لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار دراوە، هەرێمی کوردستان 230 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵ بکات و لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە بکرێت، هاوکات 120 ملیار دیناریش لە داهاتی نانەوتی ڕادەست بکات.

ڕاشیگەیاند، دوای جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکە و ڕادەستکردنی نەوت و داهات، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە تەواوی دەنێردرێت. گوتیشی: چاوەڕوان دەکەین لە کۆبوونەوەی هاوبەشی سبەی بگەینە چارەیەک.

ئەم پاساوانەی حکوومەتی فیدراڵ بۆ دواخستنی ناردنی مووچە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، بەهۆی هێرشی درۆنیی میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانی عێراق، ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتی هەرێم لە 280 هەزار بەرمیل بۆ نزیکەی 80 هەزار بەرمیل کەمی کردووە، ئەمەش بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئەو شاندەی حکوومەتی عێراق کە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

هەروەها ڕوانگەی ئیکۆ عێراق بۆ ئابووری ئاماژەیداوە، تەنیا لەم مانگەدا بە نزیکەی 58 درۆن هێرش کراوەتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment