پۆلیسی ئەڵمانیا: لایەنگرانی ئەحمەد شەرع هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەرانی کورد

پۆلیسی ئەڵمانیا چوار هێرشبەری دەستگیر کردووە
پۆلیسی ئەڵمانیا چوار هێرشبەری دەستگیر کردووە

لە شارێکی ئەڵمانیا، لایەنگرانی ئەحمەد شەرع هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەرانی کورد و بەهۆیەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر و پۆلیس بریندار بوون. 

ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، 500 کەس لە کوردانی شاری دۆسلدۆرفی ئەڵمانیا و دەوروبەری بۆ پشتیوانی لە خەڵکی سوەیدا و سەرکۆنەکردنی کارەکانی حکوومەتی نوێی سووریا خۆپیشاندانێکیان کرد؛ هاوکات لە نزیک شوێنی خۆپیشاندانەکە، 250 هاووڵاتیی دیکە بۆ پشتیوانی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا گردبوونەوە. 

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی پۆلیسی دۆسلدۆرف، 50 کەس لە لایەنگرانی ئەحمەد شەرع هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەرانی کورد و هەردولا لە شەڕێکی دەستەویەخەدا لە یەکتریان داوە. پۆلیسی شارەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئەنجامی ڕووداوەکە، چەندان کەس بریندار بوونە و چوار کەس لە هێزەکانی پۆلیسیش برینداربوونە.

پۆلیسی دۆسلدۆرف باسی لەوەش کردووە، سەدان پۆلیس چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، کۆنتڕۆلی شەڕەکەیان کرد، هەردوو لایەنی شەڕکەریان لێک جیاکردەوە و چوار کەسیشیان لە هێرشبەران دەستگیر کردوون.

 
 
Fly Erbil Advertisment