هاوڕێ کەمال: کابینەی نۆ کێشەی ئاو و کارەبای چارە کردووە

ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کابینەی نۆ کێشيی ئاو و کارەبای چارە کرد، ژێرخانی ئابووری بەو شێوازەی سەرۆکی حکوومەت دروست دەکرێت نەک بە تانکەری ئاو.

ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ساڵی 1991وە عێراق و کوردستان گەورەترین کێشەیان کارەبا و ئاو بووە، ئێستا کابینەی نۆ هەردوو گرفتەکەی بۆ چارە کردووین، لە بەکارهێناندا دەبێت هاووڵاتییان بە هۆشیارییەوە بەکاری بهێنێت.

هاوڕێ کەمال دەڵێت: ژێرخانی ئابووری بەو شێوازەی کە سەرۆکی حکوومەت کردی دروست دەکرێت، نەک بە تانکەر ئاو ببرێت بۆ ماڵان.

سەبارەت شەفافییەت کە هەبووە لە هەرێمی کوردستان یاخود نا دەشڵێت: "هەندێکجار گوێبیستی هەندێک قسە دەبین کە دەگوترێ بە هۆی گەندەڵی، ناشەفافییەتی تیمی هەرێمی کوردستان، یاخود گرفت لە شاندی هەرێمە و بووەتە هۆکاری ئەوەی کە مووچە لە حکوومەتی فیدراڵەوە نایەت، بەڵام گەر سەیر بکرێت، لە ساڵی 2014وە ئەم بارودۆخە هەر وا بووە و هەر ئەم شاندە نەبووە و چەندان شاندی دیکە گۆڕاوە، ئەمە سیاسەتێکە هەندێک لەو سیاسیانەی عێراق کە دەسەڵاتدارن گرتوویانەتەبەر."

هاوڕێ کەمال باسی لەوەش کرد، ڕەنگە ئەوان ئێستا جینۆسایدییان، کیمیاباران، ئەنفال و تێکدانی گوندیان پێ نەکرێت، بەڵام لە ڕێگەی پارەوە فشار دەخەنە سەر خەڵک و حکوومەتی کوردستانەوە.

ئاماژەی بەوەس دا، ئەوەی ئێستا من باسی دەکەم لێرە هەمووی دراوە بە بەغدا، سێ مانگ جارێک چاودێری دارایی لێکۆڵینەوەی وەزیی هەیە دێت لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی، لە هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی پێکەوە دێن لێکۆڵینەوە لەم داتایانە دەکەن، ئەمە شەفافە.

دەشڵێت: داتای شەش مانگی ڕابردوو بریتییە لە تێکرای مانگێک ئەوەی لە تەرازووی گشتیی دەردەچێت بە هەموو داهاتەکانەوە 297 ملیار و 465 ملیۆنە، ئەم داهاتە لە میزان پێداچوونەوە دەردەچێت، بەڵام ئەمە هەمووی کاش نییە و هێشتا نەهاتووە بۆ حکوومەت، کاتێک بوو بە کاش تۆمار دەکرێت. ئەم 297 ملیارە مانگانە دێت، سەدا 20ـی کاش نییە، 59 ملیار و 914 ملیۆن بێ کاشە، تێکرای 49 ملیار و 836 ملیۆن بۆ شەش مانگی سەرەتایی ئەمساڵ، وەک بەشی گەنجینەیی فیدراڵی نێدراوە بۆ بەغدا.

گوتیشی: کۆتا نەختینە 206 ملیار و 432 ملیۆنی کاشە. بۆ نموونە مانگی یەک؛ بەپێی تەرازووی پێداچوونەوە 320 ملیارو 159 ملیۆن بووە، بێ کاشەکەی 64 ملیار و 171 ملیۆن بووە، نەختینەی کە ماوەتەوە 256 ملیار و 676 ملیۆنە. هەروەها  51 ملیار و 895 ملیۆن دینار بە حکوومەتی فیدراڵ دراوە، ئەوەشی ماوەتەوە 204 ملیار و 792 ملیۆنە.

 
 
 
 
 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment