نوێنەری حکوومەت لە واشنتن: ئەمەریکا لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کوردستان زۆر نیگەرانە

نوێنەری حکوومەت لە واشنتن ڕایدەگەیەنێت، ئەمەریکا لە هێرشە درۆنییەکانی سەر فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان زۆر نیگەرانە.
سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، تریفە عەزیز، نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ئەمەریکا، لەبارەی ھێرشە درۆنییەكانی سەر كێڵگە نەوتییەكانی ھەرێمی كوردستان و هەڵوێستی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ؛ قسەی بۆ عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 لە واشنتن کرد.
نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ئەمەریکا گوتی: "ئەمەریکا زۆر نیگەرانە سەبارەت بەو هێرشە درۆنییانەی بەم دواییە کرانە سەر ژێرخانی وزەمان بەتایبەت بۆسەر کۆمپانیا نەوتییەکان کە بۆماوەی زیاتر لە دەیەیەکە هاوبەشی ئێمەن و ژێرخانی وزەی ئێمە لە کەرتی نەوت و گاز بنیات دەنێن."
تریفە عەزیز خۆشحاڵی خۆی بە سەرکۆنەکردنی هێرشەکان لە لایەن ئەمەریکاوە دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا "هیواخوازین ئەوان بەردەوام بن لە چاودێریکردنی ڕەوشەکە و پشتگیریی تەواو بۆ وەبەرهێنەرە ئەمەریکییەکان و هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکەن. ئێمە چاوەڕێی ئەوەین لە نزیکەوە کاریان لەگەڵ بکەین و چاومان لە بەرەوپێشچوونە لە هەفتەکانی داهاتوودا."
ئەمە لە کاتێکدایە، لە 1ی تەممووزەوە تا ئێستا، چوار هێرشی درۆنی بە پێنج درۆن كراونەتە سەر هەولێر و پێنج هێرش بە پێنج درۆن كراونەتە سەر سلێمانی و چوار هێرشی درۆنی كراونەتە سەر دهۆك و چوار هێرشیش كراونەتە سەر كەركووك؛ هەروەها دوو هێرش بە سێ درۆن كراونەتە سەر زاخۆ.
لەسەرەتای تەممووزەوە تا ئێستا بەگشتی 19 هێرشی درۆنیی و مووشەكیی كراونەتە سەر شارەكانی هەرێمی كوردستان، لەو ژمارەیەش 9 هێرشیان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكان بوون، كە بریتی بوون لە كێڵگە نەوتەكانی (خۆرمەڵە، كۆرمۆر، سەرسنک، ئەتروش، بای حەسەن، پێشخابور، تاوكێ، هەنت ئۆیڵ) و ئەوانەشی دەمێننەوە بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و فڕۆكەخانەكان بوون.