تەنیا لە یەک ناوچەی تاران، 3124 یەکەی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە

محەممەد مەوسەوی، سەرۆکی شارەوانیی ناوچەی 4ی تاران ڕایگەیاند، لە ماوەی جەنگی 12 ڕۆژەدا، 3124 یەکەی نیشتەجێبوون لە سنووری شارەوانییەکەماندا زیانیان بەرکەوتووە.
چوارشەممە، 23ـی تەممووزی 2025، سەرۆکی شارەوانیی ناوچەی 4ی تاران، بە پەیامنێری ئاژانسی 'ئیلنا"ی گوت: 3124 یەکەی نیشتەجێبوون لە سنووری شارەوانییەکەمان زیانیان بەرکەوتووە، لەوانە 96 یەکەیان بە تەواوەتی وێران بوونە و دەبێ سەرلەنوێ دروست بکرێنەوە، بۆ ئەوەش 2 ساڵ کاتمان پێویستە.
مەوسەوی، ئاماژەی بەوە دا "بە گوێرەی هەڵسەنگاندنەکان، ژمارەی یەکە نیشتەجێیە زیانلێکەوتووەکانی جەنگی 12 ڕۆژە، 3124 یەکەن، لەوانە 96 یەکەیان دەبێت سەرلەنوێ دروست بکرێنەوە. 266 یەکەیان پێویستان بە نۆژەنکردنەوەی سەرەکیی هەیە و 2729 یەکەشیان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەی بچووک و لاوەکی هەیە"
سەرۆکی شارەوانیی ناوچەی 4ی تاران، گوتی: کاری لە پێشینەمان گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەیە کە لە ئەنجامی زیانلێکەوتنی ماڵەکانیاندا، لە هۆتێلەکاندا نیشتەجێ کراون. ئەمانە ژمارەیان 300 کەسە و بە گوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی ئێمە، نۆژەنکردنەوەی خانووەکانیان زیاتر لە 3 مانگ دەخایەنێت، بڕیارمان دا بە شێوەیەکی کاتی، تا ئامادەبوونی خانووەکانی خۆیان، لە خانووی کرێدا نیشتەجێیان بکەین.
محەممەد مەوسەوی، بە پەیامنیری 'ئیلنا'ی گوت: نوژەنکردنەوەی یەکە زیانلێکەوتووەکان، لە یەکەیەکەوە بۆ یەکەیەکی تر جیاوازە، ئەو خانوو و باڵەخانانەی زیانی کەمتریان بەرکەوتووە، تا کۆتایی ئەمساڵ ئامادە دەبن و دەدرێنەوە بە خاوەنەکانیان. بەڵام ئەوانەی بە تەواوەتی وێران بوونە، لانیکەم، پێویستیان بە 2 ساڵ هەیە تا بە تەواوی بۆ نیشتەجێبوون ئامادە دەبن.
سەرۆکی شارەوانی ناوچەی 4ی تاران، دەربارەی چۆنییەتی هاوکاریی ئەوانەی زیان بەر خانوو و باڵەخانەکانیان کەوتووە ڕایگەیاند "ئێمە بە شێوەی نانەختینەیی هاوکارییان دەکەین؛ بۆ نموونە، داوا دەکەین ئەو بەڵێندەرانەی یەکە زیانلێکەوتووەکان نۆژەن دەکەنەوە، پارە لە خاوەن یەکەکان وەرنەگرن، بەڵکوو ئێمە، واتە شارەوانی، بە هاوکارییکردنیان لە نوێکردنەوەی مۆڵەت، لێخۆشبوون لە باجەکانی شارەوانی، یان پێدانی زەوی، قەرەبوویان دەکەینەوە."