دۆگڵاس سلیمان: ئەمەریکا داوای لە عێراق کردووە مووچەی هەرێمی کوردستان بنێرێت

دۆگڵاس سلیمان، باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا
دۆگڵاس سلیمان، باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا

باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا لە عێراق جەختی لەوە کردەوە، کە  نابێت پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق پەسەند بکرێت. گوتیشی: چونکە گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکان لە وڵاتەکەدا.

چوارشەممە 23ـی تەممووزی 2025، دۆگڵاس سلیمان، باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا لە عێراق، بە ژووری هەواڵی کوردستان24ـی گوت: گفتوگۆی نێوان سوودانی ڕوبیۆ زۆر سەرنج ڕاکێش بوو، تاوتوێی چەندین بابەتی گرنگیان کردووە، هەروەها ڕوبیۆ داوای کردووە عێراق پارەی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەمەش یەکەمجار نییە واشنتن داوایەکی لەو شێوەیە لە حکوومەتی عێراق بکات.

باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا لە عێراق، باسی لەوە کرد، مارکۆ ڕوبیۆ داوای لە هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە کێشەکانی نێوانیان چارە بکەن و ڕێککەون.

لە بارەی بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستان، دۆگڵاس سلیمان، دەڵێت: وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بارەی هێرشە درۆنییەکان گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە و، داوای پاراستنی ژێرخانی وزەی هەرێمی کردووە.

گوتیشی: کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە لایەن کۆمپانیا ئەمەریکییەکانەوە بەڕێوە دەبرێن، بە ئامانجگرتنی ئەو کێڵگانەش، هێرشی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر کۆمپانیا ئەمەریکییەکان، پێویستە دەستبەجێ سەرۆک وەزیرانی عێراق بکەرانی ئەو هێرشانە بدۆزێتەوە و سزایان بدات.

جەختی لەوەش کردەوە، دەبێت فشارێک لەسەر حکوومەتی عێراق دروست بکرێت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەو هێرشانە دووبارە نەکرێنەوە.

لە بارەی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبییەوە، باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا لە عێراق، ڕایگەیاند: نابێت بەو شێوەیەی ئێستا ئەو پرۆژە یاسایە لە پەرلەمانی عێراق پەسەند بکرێت، ئەمەریکا نیگەرانە لەو کارە.

دەشڵێت: نابێت ڕێگە بە حەشدی شەعبی بدرێت بە شێوەیەکی یاسایی دەستی بگات بە بودجەی عێراق، چونکە گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکان لە وڵاتەکەدا.

 
Fly Erbil Advertisment