ڕێباز حەملان: سبەی پارەی مووچە دێت و ڕۆژانی هەینی و شەممە دابەش دەکرێت

یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر هیچ کێشەیەک ڕوونەدات وەزارەتی دارایی عێراق سبەی مووچەی مانگی پێنج دەنێرێت و ڕۆژانی هەینی و شەممە، وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێم دابەشی دەکات.
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی تەممووزی 2025، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، ڕاگەیاند: سێ مانگە بەغدا ستەم لە هەرێمی کوردستان دەکات، هەرێمی کوردستان هەموو شتێکی کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێک لەبارەی نەناردنی مووچە نییە، ناردنی مووچە لە بەغداوە بۆ هەرێم تەنیا حەوت خولەکی دەوێت.
ڕێباز حەملان گوتی: وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت کێشەی تەنکنیکی هەن، بەڵام ئەمانە تەنیا یاریکردن و پاساون، چونکە بەغدا بەهیچ شێوەیەک ڕێزی ڕێککەوتنەکان و قسەی خۆیان ناگرن، مووچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەرانبەر وەزارەتی پەروەردەی عێراقە، هەروەها بەغدا باوەڕی بە هەژماری من هەیە و هیچ گرفتێکی نییە.
یاریدەدەری سەرۆک وەزیران ئاماژە بەوە دەکات، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی گوتووە: پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە، هەروەها پێویستە ڕێگری لەو هێرشە درۆنیانە بکرێت بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.
باسی لەوەش کرد، هەرشتێک لە بەغدا بەرانبەر هەرێمی کوردستان بکرێت سیاسییە، لە ماوەی سێ ساڵدا سێ ملیۆن کەس لە بەغدا دامەزرێنراون، کە تەنیا فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستانی تێدانییە.