دایناسۆرەکانیش وەک چۆلەکە جریواندوویانە

ئێسکەپەیکەری بە بەردبووی دایناسۆری پاولۆسۆر
ئێسکەپەیکەری بە بەردبووی دایناسۆری پاولۆسۆر

تێگەیشتنی زۆرینەی ئێمە دەربارەی دایناسۆرەکان ئەوەیە کە بە دەنگێکی ترسناک نەڕاندوویانە، بەڵام پاشماوە بە بەردبووەکان بەڵگەیەکی کەمیان تێدایە بیسەلمێنن کە دیناسۆرەکان بەگشتیی نەڕاندوویانە و دەنگێکی ترسناکیان هەبووە، لەوانەیە هەندێکیان جریواندبێتیان.

لە وتارێکدا لە گۆڤاری زانستیی(PeerJ)، توێژەران باس لە پاشماوەی بە بەردبووی دایناسۆرێکی گیاخۆری چینی دەکەن، کە گەروویەکی سەرسوڕهێنەری هاوشێوەی باڵندەی هەبووە. ئەمە لەوانەیە ئاماژە بێت بۆ ئەوەی کە سەرچاوەی جریوە و جیکەی باڵندەکان بگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەردەمی دایناسۆرەکان.

شینگ شو (Xing Xu)، زانای ئەرکیۆلۆجیی لە ئەکادیمیای زانستیی پەکین و یەکێک لە نووسەرانی وتارەکە، دەڵێت: دایناسۆرە ٦٠ سانتیمەترییەکە، کە توێژەران ناویان ناوە پاولۆسۆر، لەناو بەردێکی تەمەن ١٦٣ ملیۆن ساڵەی چیندا دۆزراوەتەوە. ئێسکەپەیکەرەکەی وێنەیەکی ئەناتۆمی باشی ئاژەڵەکە دەخاتە ڕوو.

پاولۆسۆر، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جوراسی، تیمی توێژینەوە پاشەرۆکیان لە سکی پاشماوە بە بەردبووەکەدا دۆزییەوە، بەڵام نەیانتوانی بە تەواوەتی بزانن چییە؟ شینگ شو دەڵێت: لەوە دەچێت خواردنی ئەم دایناسۆرە گۆشت، یان ڕەنگە هێلکە بووبێت.

سەرنجڕاکێشترین دۆزینەوە لە گەروویدا بوو. لە بڕبڕەداراندا، ئەندامەکانی دەنگ ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پاراستنی بۆریی هەوا و دروستکردنی دەنگ. لە زۆرێک لە خشۆکەکاندا، ئەو شانانە لە کرکڕاگە پێک دێن و دەتوانن دەنگی وەک لوورە، گمە، ناڵە و جیکەجیک دروست بکەن. لە بەرانبەردا، باڵندەکان ژێی دەنگیان هەیە کە بەشێکی لە ئێسکی ناسک پێک دێت و وایان لێ دەکات دەنگی ئاڵۆزتر دروست بکەن.

ئەوەی کە دایناسۆرە بێباڵەکانیش ڕەنگە خاوەنی ژێی دەنگیی لەو شێوەیە بووبن، تێگەیشتنێکی نوێیە. یەکەم جۆری دایناسۆر، کە ژێی دەنگی هەبووە "ئەنکیلۆسۆری زرێپۆش پیناکۆسۆر (Ankylosaurus Pinacosaurus)، کە ملیۆنان ساڵ دوای پاولۆسۆر ژیاوە." 

پاولۆسۆر و پیناکۆسۆر سەر بە خێزانی دایناسۆرەکانن کە پاش هەزاران ساڵ پەرەسەندن لە یەکتر جیا بوونەتەوە. بەڵام بە گوێرەی قسەکانی شینگ شو، بوونی ژێی دەنگیی هاوشێوە لە گرووپە جیاوازەکاندا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕەنگە دەنگی هاوشێوەی باڵندە لە سەرەتای باوباپیرانی دایناسۆرەکانەوە، زیاتر لە ٢٣٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، سەری هەڵدابێت.

 
Fly Erbil Advertisment