ڕێگای هاملتۆن لە نێوان سۆران و چۆمان نۆژەن دەکرێتەوە
ڕێگای هاملتۆن لە نێوان سۆران و چۆمان نۆژەن دەکرێتەوە، بەهۆی ئەوەی ڕێگایەکی گەشتیاری و بازرگانییە، یەکێکە لە ڕێگا هەرە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و هاتووچۆیەکی زۆری لەسەرە. هاوکات بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانی سۆران گوژمەی پێویستی بۆ نۆژەنکردنەوەکە دابینکردووە.
چوارشەممە 23ـی تەممووزی 2025، خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانی سۆران بە پەیامنێری کوردستان24 لە سۆران گوت: لە پێنج شوێنی جیا بە تێکڕایی چوار کیلۆمەتر کاری نۆژەنکردن و قیرتاوکردن بۆ ڕێگای هامڵتۆن دەکرێت، هاوکات لە چەند شوێنی دیکە کاری چاککردنەوەی بۆ ڕێگاکە دەکرێت.
باسی لەوەش کرد، ئەو گوژمەی بۆ ڕێگاکە پێویستە زیاتر لە 300 ملیۆن دینار دەبێت.
هەروەها زوبێر محەممەد، ئەندازیاری پرۆژەکەش گوتی: لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی ڕیگاوبانی سۆران، ئەو شوێنانەی کە پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە بوو هەڵمان بژارد ئەوانیش، ڕێگای گەلی عەلی بەگ، بەرسرین و چەند شوێنی دیکەن، کە هەموویان لەسەر ڕێگای سەرەکین.
ڕێگای هامڵتۆن جگە لەوەی ڕۆژانە ڕێگای هاتووچۆی سەدان هاووڵاتییە، ڕێگایەکی نێودەوڵەتی، بازرگانی و گەشتیاری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانە، کە لە ڕێگەی دەروازی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بەیەکدەگەینێت، هاوکات هەزاران گەشتیار و بازرگان ڕۆژانە بە ڕێگاکە هاتووچۆ دەکەن.
سەرەڕای فشارەکانی بەغدا و نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام پرۆژەی ئاوادان کردنەوەی شارەکانی بەردەوامن.