هەسەدە و حکوومەتی سووریا لە پاریس کۆدەبنەوە

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەسەدە، گەیشتە پاریس بۆ کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی حکوومەتی سووریا بە سەرپەرشتی فەرەنسا و ئەمەریکا.

بەگوێرەی سەرچاوە میدیاییەکان، ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەر یاوەری مەزڵووم عەبدی کردووە لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی ئیدارەکە، بڕیارە لەگەڵ شاندێکی حکوومەتی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا و بەرپرسانی فەرەنسا، کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن.

ئاماژە بەوەش کراوە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی فەرەنساوە ئامادەکاریی بۆ کۆبوونەوەکە کراوە، کە لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت. ئامانجی دیدارەکە گەڕاندنەوەی ڕێگاکانی گەیشتن بە ڕێککەوتنە بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سوپا و دامودەزگاکانی سووریا.

هەروەها دانوستانەکانی مانگی ڕابردوو لە دیمەشق لە نێوان شاندێکی ئیدارەی خۆسەر و نوێنەرانی حکوومەتی سووریا بەبێ هیچ پێشکەوتنێک کۆتایی هات، ئەمەش بەهۆی ڕەتکردنەوەی حکوومەتی لامەرکەزیەت بووە لەلایەن دیمەشقەوە.

ڕێککەوتنی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 10-03-2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵییان ئیمزا کرد. 

ئەو خاڵانەی ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە:

1- گەرەنتیکردنی مافی هەموو سوورییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریی لە پرۆسەی سیاسیدا و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێ گوێدانە پاشخانە ئایینی و نەتەوەییەکانیان.

2- کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتییبوونیان دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانیان بۆ دابین دەکات.

3- ڕاگرتنی شەڕ لەنێو هەموو خاکی سووریادا.

4- تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان) لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتیی دەوڵەتی سووریا، لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، کێڵگە نەوتی و گازییەکان.

5-گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە و پەنابەرە سوورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە.

6- پشتیوانیی دەوڵەتی سووریا لە ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو ئەو هەڕەشانەی کە مەترسین لەسەر ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی.

7-ڕەتکردنەوەی بانگەشەکانی دابەشبوون و ڕق و کینە و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشووب لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا دا.

8- لیژنە جێبەجێکارەکان کار و هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەدەن بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ئەم ساڵ تێ نەپەڕێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment