پزیشکیان: ڕەنگە دانیشتوانی تاران لە بێئاویدا شارەکە چۆڵ بکەن

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران هۆشداریی لە خراپتربوونی قەیرانی ئاوی تاران دەدا و دەڵێت: قەیرانی ئاو ڕەنگە 15 ملیۆن دانیشتووی تاران ناچار بە جێهێشتنی شارەکە بکات، ئەمەش بەلێدوانێکی جددی دادەنرێت دەربارەی تێکچوونی دۆخی ژینگەی شارەکە.
پێنجشەممە، 24ـی تەممووزی 2025، ڕۆژنامەی 'عەسر ئێران' لێدوانێکی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بڵاوکردەوە کە گوتیەتی: دۆخەکە مەترسیدارە، تاران ئاوی نییە، ئاماژەی بەوەش کردووە، گواستنەوەی پایتەخت بۆ شوێنێکی دیکە، بژاردەیەکی پیشنیاز کراوە وەک چارەسەرێکی بەپەلە.
لە کۆی 31 پارێزگای ئێران 20 پارێزگا تووشی قەیرانی ئاو بوونەتەوە، هەروەها هەندێک سەرچاوەی ئاو خەریکە وشک دەبن.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران ئیرنا بڵاویکردەوە، یەکێک لە گەورەترین کۆگاکانی ئاوی ئەو وڵاتە لە ماوەی چوار هەفتەی داهاتوودا بە تەواوی وشک دەبێت.
ڕۆژی چوارشەممە، 23ـی تەممووزی 2025، محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری تاران بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ڕاگەیاند، بەکارهێنانی ئاوی خواردنەوە و پاک لە تاران، پێنج هێندە زیاترە لە دابینکردن.
موعتەمیدیان گوتیشی، ئەو چوار بەنداوە سەرەکییەی ئاوی خواردنەوە بۆ تاران دابین دەکەن، ئاستی ئاوەکەیان لە 87% دابەزیووە، ئاماژەی دا، تەنیا بەنداوی تاڵەقان لە دۆخێکی تاڕادەیەک باش دایە.
پارێزگاری تاران باسی لەوەش کرد، 62%ـی ئاوی خواردنەوەی تاران لە ڕێگەی بیر و سەرچاوەی ئاوی ژێر زەویەوە دابیندەکرێت، دەشڵێت: ئاستەنگە بەردەوامەکانی بەردەم کەرتی ئاو بەهۆی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنان و زیادبوونی خێرای دانیشتوانە.
پێشتر کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای تاران ڕایگەیاندبوو، بەهۆی وشکەساڵی پێنج ساڵی ڕابردوو و کەمی باران و کاریگەرییەکانی لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان، ماوەی 100 ساڵە تاران دۆخی وەها خراپ نەبووە.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەدا کە یەدەگی ئاوی بەنداوەکانی تاران گەیشتووەتە نزمترین ئاست، هۆشداریشی داوە، کە قەیرانەکە لە هاویندا خراپتر دەبێت.