میدیاکانی تورکیا: پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بەردەوامی دەبێت

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، دوای ئەوەی ژمارەیەک چەکداری پەکەکە چەکەکانیان لەناوبرد، پرۆسەکە بەردەوامی هەیە و ژمارەیەکی دیکەیان چەکەکانیان لەناودەبەن.

پێنجشەممە 24ی تەممووزی 2025، میدیاکانی نزیک لە حکوومەتی تورکیا بڵاویکردەوە، پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە لە دوای 11ی تەممووزەوە بەردەوامی هەیە. ئەندامانی پەکەکە چەکەکانیان لە شوێنی دیاریکراو لە هەرێمی کوردستان دادەنێن و پرۆسکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و هەواڵگری نیشتمانی (میت) بەڕێوەدەچێت.

میدیاکان ئاماژەیان بەوە کردووە، دوای هەموارکردنەوەی بەشێک لە یاساکانی تورکیا، ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە دەستییان لەتاوان نەبووە، دەتوانن بگەڕێنەوە تورکیا. بەشێکی کەمی ئەوانەشی کە دەستییان لە تاوان هەبووە، بە ڕێکاری تایبەت دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ تورکیا.

عەبدولرەحیم سەماوی، لێکۆڵەر و چاودێری سیاسیی کوردی باکووری کوردستان، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: بەشێکی ئەوانەی چەکەکانیان داناوە، سەردانی ئیمراڵییان کردووە و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبوونەتەوە؛ هەروەها ڕۆژانە دیداری نێوان ئۆجەلان و سەرکردەکانی باڵا پەکەکە بەردەوامە و حکوومەتی تورکیا ڕێگەی بۆ ئەو چاوپێکەوتنانەی خۆش کردووە.

لەلای خۆیەوە، جەمیل بایک، هاوسەرۆکی پارتی کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) ڕایگەیاندووە، دەخوازن یاساکانی دژە دیموکراسی لە تورکیا بگۆڕدرێن و یاسایەکی دیموکراسی و ئازادی دابنرێت، چونکە ناتوانن هەنگاوی نوێ بنێن کە ئۆجەلان داوای لێیان کردووە ، بەبێ ئەوەی کارەکانی کۆمیسۆنی پەرلەمانی نەبینن کە بۆ پرۆسەکە دادەمەزرێت.

باسی لەوەش کردووە، هەنگاوی پێویستییان ناوە بۆ پرۆسەکە و لە قۆناغی داهاتوو کاتێک هەنگاوی دیکە دەگرنە بەر لایەنی دەسەڵات کار بۆ پرۆسەکە بکات و هەنگاوی نوێ بنێت و هیچ جۆرە سەپاندنێکی دیکە قبوڵ ناکەن، هەروەها ناتوانن ئیتر بە هەنگاوی تاکلایەنە بەردەوام بن.

هەینی ڕابردوو11ی تەممووزی 2025 گرووپێکی 30 کەسی پەکەکە لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا.

Fly Erbil Advertisment