دەسەڵاتدارانی حکوومەتی سووریا ڕەتیدەکەنەوە بە مەرجەکانی هەسەدە ڕازی بن
پێویستە چەکەکانیان ڕادەست بکەن

دەسەڵاتدارانی حکوومەتی سووریا ڕەتیدەکەنەوە بە مەرجەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات( هەسەدە) ڕازی بن و دەڵێت: پێویستە چەکەکانیان ڕادەست بکەن، هاوکات بڕیاربوو دوێنێ پێنجشەممە کۆبوونەوەی نێوان هێزەکانی سووریا و حکوومەتی سووریا لە پاریس بکرێت، بەڵام دواخرا.
کەناڵی فەرمی حکوومەتی سووریا لە زاری چەند بەرپرسێکی وڵاتەکەی بڵاویکردووەتەوە، حکوومەتی سووریا بەهیچ شێوەیەک ڕازی نییە بە مەرجەکانی هەسەدە و داوایانکردووە چەکەکانیان ڕادەست بکەن، چونکە دژی یەکپارچەیی و سەروەری خاکی سووریایە.
هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە، قسەکردن لەسەر ڕادەستنەکردنی چەکەکانیان لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە) پێچەوانەی بنەماکانی بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووە و هەروەها پێچەوانەی ئەو ڕێککەوتنەی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدییە.
ئەم قسانە دوای ئەوە هاتن ڕۆژی سێشەممە، 22ی تەممووزی 2025، ئەبجەر داوود، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، لە سایەی ئاڵۆزییە بەردەوامەکانی سووریا و هەڕەشەکانی داعش، مەحاڵە چەک دابنێن.
هەروەها بڕیار وابوو دوێنێ پێنجشەممە 24ی تەممووز، کۆبوونەوە لەنێوان شاندی هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی سووریا لە پاریس بکرێت، بەڵام بۆ کاتێکی نادیار داواخرا.
کەریم قەمەر، نوێنەری ئیدارەی خۆسەر لە پاریس ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی سووریا کە بڕیاربوو لە پاریس سبەی بکرێت، کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار هەڵوەشایەوە، بێ ئەوەی هۆکارەکەی ئاشکرا بکات.