لە بارەی لێبڕینی بڕە پارەیەک لە مووچەی فەرمانبەران ڕوونکردنەوە دەدرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لە بارەی لێبڕینی بڕە پارەیەک لە مووچەی فەرمانبەران، ڕوونکردەوە دەدات و دەڵێت: 1%ـی مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران لەسەر داواکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بە مەبەستی تۆمارکردن و دروستکردنی ژمارەی وەزیفی لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە بڕدراوە.
هەینی 25ـی تەممووزی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕایگەیاند: لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پرۆژەی هەژماری من، چەند پرسیارێک لای فەرمانبەران دروست بووە و لە کاتی وەرگرتنی مووچەکانیان بڕە پارەیەکیان بەراورد بە مانگەکانی پێشوو لێ بڕاوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە بە چەند خاڵێک هۆکارەکەی ڕوونکردەوە و ئاماژەی بەوە دا:
1- %1ـی مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران لەسەر داواکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بە مەبەستی تۆمارکردن و دروستکردنی ژمارەی وەزیفی لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە بڕدراوە.
2- ئەو لێبڕینە بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق بووە، هەروەها تەنیا فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دەگرێتەوە، کە مووچەکانیان لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە خەرج دەکرێت، بە هیچ جۆرێک خانەنشینان و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی ناگرێتەوە.
3- ئەو لێبڕینە تەنیا بۆ یەک جارە و لەسەر مووچەی مانگی ئایار لە لایەن حکوومەتی فیدراڵەوە جێبەجێ کراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، سەرجەم مووچەخۆران دڵنیا دەکاتەوە و دەڵێت: ئەو لێبڕینە هیچ پەیوەندیی بە پرۆژەی هەژماری منەوە نییە.

