فەرەنسا جەخت لە پێویستی بەڕێوەچوونی دانوستانی نێوان دیمەشق و هەسەدە دەکاتەوە

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، داوای دانوستان و چارەی ئاشتییانەی نێوان دیمەشق و هەسەدە لە پێناو یەکگرتوویی سووریا دەکات، هاوکات پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ کوردانی سووریا دووپات کردەوە.
هەینی 25ـی تەممووزی 2025، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەى فەرەنسا، بە تەلەفۆن لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) قسەی کرد.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕایگەیاند: لە گفتوگۆی نێوان ژان نوێل بارۆ و مەزڵووم عەبدی، جەخت لەسەر پێویستی بەڕێوەچوونی دانوستان لە پاریس، لە نێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدە لە نزیکترین کاتدا کراوەتەوە، بۆ جێبەجێكردنی خاڵەكانی رێككەوتنی 10 ئادار بە چاودێریی ئەمەریكا و فەرەنسا.
بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، داوای دانوستان و چارەی ئاشتییانە نێوان دیمەشق و هەسەدە لە پێناو یەکگرتوویی سووریا دەکات، هەروەها پشتیوانی وڵاتەکەشی بۆ کوردانی سووریا دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە فەرماندەی گشتی هەسەدە، گوتی: پابەندبوونمان بە هاوبەشیکردن لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەویە تیرۆر و چەسپاندنی سەقامگیری لە سووریا دووپات دەکەینەوە.
هەینی، 25ـی تەممووزی 2025، ههر یهك له ئهسعهد شهیبانی، وهزیری دهرهوهی سووریا، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا و ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا له پاریس كۆبوونهوه و دواتر ڕاگهیهنراوێكی هاوبهشیان بڵاوكردهوه و تێیدا ڕایانگهیاندووه، كۆبوونهوهكه له چركهساتێكی جیاوازدایه كه سووریا پێیدا تێپهڕ دهبێت، به تایبهت كه پێویسته دیالۆگ بۆ چارهكردنی پرسهكان و كهمكردنهوهی پهرهسەندنی ئاڵۆزییهكان پهیڕهو بكریت.
ههروهها ههر سێ لا هاوڕابوون، کە گهڕێكی دانوستانه ڕاوێژكارییهكان له نێوان حكوومهتی سووریا و هێزهكانی سووریای دیموكرات (ههسهدە) له كاتێكی نزیكدا له پاریس بهڕێوه بچێت به ئامانجی جێبهجێكردنی ڕێككهوتنهكهی 10ـی ئاداری ئهم ساڵ له نێوان دیمهشق و ههسهده.
ڕێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی کۆماری سووریا، ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵییان واژۆ کرد.
ئەو خاڵانەی ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە:
1- گەرەنتیکردنی مافی هەموو سوورییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریی لە پرۆسەی سیاسیدا و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێ گوێدانە پاشخانە ئایینی و نەتەوەییەکانیان.
2- کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتییبوونیان دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانیان بۆ دابین دەکات.
3- ڕاگرتنی شەڕ لەنێو هەموو خاکی سووریادا.
4- تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان) لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتیی دەوڵەتی سووریا، لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، کێڵگە نەوتی و گازییەکان.
5-گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە و پەنابەرە سوورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە.
6- پشتیوانیی دەوڵەتی سووریا لە ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو ئەو هەڕەشانەی کە مەترسین لەسەر ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی.
7-ڕەتکردنەوەی بانگەشەکانی دابەشبوون و ڕق و کینە و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشووب لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا دا.
8- لیژنە جێبەجێکارەکان کار و هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەدەن بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ئەم ساڵ تێ نەپەڕێت.