عەزیز ئەحمەد: مووچەخۆرانی سلێمانی باجی هەڵمەتی ساختەی کەسانێک دەدەن کە دژی هەژماری من بوون

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: هەندێک لە ئەندام و سەرۆکی حزبەکان، دژی مووچەدانی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی پرۆژەی هەژماری منەوە بوون، ئەم کەمپینانەی ئەوان بووە هۆی دواکەوتنی دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتییانی شاری سلێمانی بە خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەکە.
هەینی 25ـی تەممووزی 2025، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیوویەتی: کەسانی وەک؛ سروە عەبدولواحید و شاسواری برای، هەروەها عەلی حەمەساڵح، ئەحمەد حاجی ڕەشید و هۆشیار عەبدوڵڵا، دژی مووچەدانی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی پرۆژەی هەژماری من دەوەستانەوە و بە شێوەیەکی بەرفراوان کەمپینیان لە دژی ئەنجام دەدا.
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، باسی لەوە کردووە، ئەو کەسانە هەڵدەستان بە بڵاوکردنەوەی چەندین زانیاریی ساختە کە دواتریش ڕاست دەرنەچوون، سەرەڕای ئەمەش زۆرێک لە خۆیان و ئەندامانی حزبە سیاسیەکانیان، بەبێ دەنگی خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کردووە و ئێستا سوودمەندن لە خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەکە.
هاوکات نوسیوویەتی: ئەم کەمپینانەی ئەو کەسانە بوونە هۆی دواکەوتنی دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتییانی شاری سلێمانی بە خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەی هەژماری من، بە تایبەت لە نێو چینی خانەنشینان، مامۆستایان، پزیشکان و هێزەکانی پۆلیس، کە وایکرد بێبەش بن لە ئاسوودەیی دەروونی، تەندروستی و کاتیشیان بکەنە قوربانی ئەم کەمپینە ساختانە.
عەزیز ئەحمەد، ئاماژەی بەوەش کردووە، هاووڵاتییان باجی هەڵمەتێکیان دا کە ئەم کەسایەتییانە هەرگیز خۆشیان بە تەواوەتی باوەڕیان پێنەبوو، ئەوان هاووڵاتییانیان بە هەڵەدا برد، کێ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکات؟
کەسانی وەک @ShaswarQadir و @srwa_qadir و عەلی حەمە ساڵح دژی مووچەدانی ئەلیکترۆنی لەڕێگەی هەژماری من دەوەستانەوە و بەشێوەیەکی بەرفراوان کەمپینیان لە دژی ئەنجامدەدا.
— Aziz Ahmad (@azizkahmad) July 25, 2025
هەڵسان بە بڵاوکردنەوەی چەندین زانیاریی ساختە کە دواتریش ڕاست دەرنەچوون. کەسانی تری وەک غالب موحەمەد و ئەحمەدی حاجی… https://t.co/eEdHeWBscb