باخچەلی: هەسەدە پابەندی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار نەبووە

ده‌وڵه‌ت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە
ده‌وڵه‌ت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە

سەرۆکی گشتیی مەهەپە ڕایگەیاند: هه‌سه‌ده‌ پابەند نەبووه‌ بە ڕێککەوتنی 10ـی ئادار و به‌مه‌ش ئاسایشی حکوومەتی سووریا و تورکیا دەخاتە مەترسییەوە.

شەممە 26ـی تەممووزی 2025، ده‌وڵه‌ت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە، گوتی: تا ئێستا هه‌سه‌ده‌ پابەند نەبووە بەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ دیمەشق كردوویه‌تی و بەردەوامە لە ڕه‌فتاره‌كانی دژی ئاسایشی تورکیا.

باخچەلی داوای پابەندبوون بەو ڕێککەوتنە دەکات و دەڵێت: بڕیارێک لە پاریس بە هەمان ئاراستە دراوە. داواش لە ئیدارەی ترەمپ دەکات واز لە پاراستنی ئیسرائیل بهێنێت و پشتیوانی لە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی یەپەگە بکات.

سەرۆکی گشتیی مەهەپە، ئاماژەی بەوە کرد، بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتدا گرنگە کە هەموو دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی سەر بە پەکەکە پابەندبن پێیەوە و ڕێگە نادەن یەپەگە بەربەست‌ بۆ پرۆسه‌كه‌ دروست بكات و زیانی پێ بگەیەنێت.

باخچەلی هەروەها چوار ئەندامی مەهەپەی بۆ کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا کاندید کرد کە بە کۆمیسیۆنی یەکێتی و یەکگرتوویی ناوزەندی ده‌كات.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی کۆماری سووریا، ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵییان واژۆ کرد.

ئەو خاڵانەی ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە:

1- گەرەنتیکردنی مافی هەموو سوورییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریی لە پرۆسەی سیاسیدا و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێ گوێدانە پاشخانە ئایینی و نەتەوەییەکانیان.

2- کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتییبوونیان دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانیان بۆ دابین دەکات.

3- ڕاگرتنی شەڕ لەنێو هەموو خاکی سووریادا.

4- تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان) لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتیی دەوڵەتی سووریا، لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، کێڵگە نەوتی و گازییەکان.

5-گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە و پەنابەرە سوورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە.

6- پشتیوانیی دەوڵەتی سووریا لە ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو ئەو هەڕەشانەی کە مەترسین لەسەر ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی.

7-ڕەتکردنەوەی بانگەشەکانی دابەشبوون و ڕق و کینە و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشووب لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا دا.

8- لیژنە جێبەجێکارەکان کار و هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەدەن بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ئەم ساڵ تێ نەپەڕێت.

 
Fly Erbil Advertisment