بەلجیکا و هۆڵەندا گەورەترین ناوەندی دروستکردنی ماددە هۆشبەرە دەستکردەکانن

لە بەلجیکا هەموو مانگێک سێ تاقیگەی ماددە هۆشبەرە دەستکردەکان هەڵدەوەشێنرێنەوە؛ وا دیارە جۆری نوێی ئەو ماددانە کڕیار و دەستکەوتی زۆرتریان هەیە.

دووشەممە، 28ـی تەممووز، ڕۆژنامەی دی مۆرغنی بەلجیکی، ڕاپۆرتێکی دەربارەی دروستکردنی ماددە هۆشبەرەکان بڵاو کردووەتەوە، تێیدا هاتووە "لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا 19 تاقیگەی دروستکردنی ماددە هۆشبەرەکان لە لایەن پۆلیسەوە دۆزراونەتەوە. ساڵی ڕابردوو بە گشتی 33 تاقیگەی دروستکردنی ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەڵوەشێنرانەوە."

بە گوتەی بێرنارد کوینتین، وەزیری ناوخۆی بەلجیکا "بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان، ئێستا هاوکارییەکی باشتر لەگەڵ هۆڵەندا و پۆلیسی ئینتەرپۆڵ هەیە. زانیاریی ورد دەربارەی بازرگانیکردن بە ماددە خاوەکان بۆ بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرە دەستکردەکان، لە نیواندا ئاڵوگۆڕ دەکرێت. زۆرجار دەردەکەوێت کە ئەو ماددە خاوانە لە پۆڵەنداوە هاوردە دەکرێن."

ماددەی زۆمبی

هێزە ئەمنییەکانی بەلجیکا، ئەمساڵ پێنج تاقیگەی دروستکردنی ماددە هۆشبەرە دەستکردەکانیان دۆزیوەتەوە. ئەو ماددانە، لە ڕووی پێکهاتەی کیمیاییەوە هاوشێوەی ئەمفیتامینەکانن و وەک جێگرەوەیەک بۆ ماددە هۆشبەرە ناسراوەکانی MDMA  یان کۆکاین، دەفرۆشرێن. 

لەنێو ماددە هۆشبەرە دەستکردەکاندا، ماددەی دیزاینەری مێفێدرۆن (4-MMC) هەیە، ئەم ماددەیە لە شانشینی یەکگرتووەوە هاوردە دەکرێت. ماددەی هۆشبەری مێفێدرۆن لە هیندستان و چین بەرهەم دەهێنرێت. هەروەها ماددەی زۆمبی فلاکا، یەکێکە لەو ماددە هۆشبەرە تازانەی کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ دەکاتە سەر  مێشکی بەکارهێنەران و چیدی ناتوانن بە باشی هەڵسوکەوتی خۆیان کۆنترۆڵ بکەن.

خاڵی ئاگادارکردنەوە

وەزیری ناوخۆی بەلجیکا دەڵێت: دیاردەی بەجێهێڵانی ماددە هۆشبەرەکان لە شوێنە گشتییەکاندا کەم بووەتەوە. ئەمساڵ تا ئێستا 11 حاڵەتی بەجێهێڵانی ماددە هۆشبەرەکان دۆزراونەتەوە. دیاردەی بەجێهێڵانی ماددە هۆشبەرەکان  لە پارک و شوێنە گشتییەکان، یان هۆکارەکانی هاتوچۆی گشتی، وەک پاس و شەمەندەفەر لە چاو ساڵاندا کەمی کردووە؛ ئەمە شتێکی باشە، بەڵام کاری لەپێشینەی هێزە ئەمنییەکان  دۆزینەوەی تاقیگەکانی دروستکردنی ماددە هۆشبەرەکان و لەناو بردنیانە.

لە پارێزگاکانی ئەنتوێرپن، فلامس-برابانت و لیمبۆرگ، خاڵی ئاگادارکردنەوە دامەزراوە. خەڵک دەتوانن، بەبێ ئەوەی پێویست بکات ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن، پەیوەندی بەو خاڵانەوە بکەن و دەزگا ئەمنییەکان لە بوونی تاقیگە و دابەشکەرانی ماددە هۆشبەرەکان ئاگادار بکەنەوە. هیزە ئەمنییەکان دامەزراندنی خاڵێکی ئاگادارکردنەوەی نیشتمانی بۆ ڕێگریی لە خۆدزینەوەی تاوانباران، بە پێویست دەزانن.

کۆکاین

نابێت ئەو ڕاستییە پشتگوێ بخرێت کە بەلجیکا و هۆڵەندا هێشتا گەورەترین هەناردەکارانی ماددە هۆشبەرە دەستکردەکانن بۆ ئەورووپا و ئەمەریکا؛ ئەمە جگە لە بڵاوبوونەوەی دیاردەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە نیوان گەنجانی ئەو دوو وڵاتەدا، بە تایبەتی قوتابیان و ئەوانەی تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە. بە ڕادەیەک، بەکارهێنانی ئەو ماددانە بووەتە بابەتێکی ئاسایی و ئەمەش نیگەرانیی خێزانەکانی لێ کەوتووەتەوە.

 حکوومەتی بەلجیکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی دروستکردن و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر، دەیەوێت ئاسایشی بەندەرەکان بە چاودێریی زیاتر بەهۆی کامێرا و درۆنەوە باشتر بکات. هەروا پۆلیسی دەریایی شاری ئەنتوێرپن لە 200 کارمەندەوە بۆ 300 کارمەند زیاد دەکات. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، هەوڵی ئەوەش دەدرێت هاوکاریی زیاتر لەگەڵ ئەو وڵاتانانەی سەرچاوەی ماددە هۆشبەرە سروشتییەکانن، بکرێت.

کوینتین دەڵێت: ئەم شێوازی کارکردن و هاوکارییە، تا ڕادەیەکی باش سەرکەوتوو بووە. ئێمە دەزانین بەندەری ئەنتوێرپن لە لایەن  قاچاخچییە نێودەوڵتییەکانی ماددەی هۆشبەرەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بە تایبەتی بۆ گەیاندنی کۆکاین بە ئەورووپا، بە جۆرێک لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا هێزەکانمان توانیویانە دەست بە سەر 3 تۆن و 600 کیلۆگرام کۆکاین لەو بەندەرەدا بگرن، کە لە ئەمەریکای باشوورەوە بە قاچاخ هێنرابوون.

 

 

 
 
Fly Erbil Advertisment