داواکاریی گشتیی فەرەنسا داوای دەرکردنی فەرمانێكی نوێی دەستگیرکردن بۆ ئەسەد دەکات

داواكاریی گشتیی فه‌ره‌نسا بۆ نه‌هێشتنی تیرۆر ڕایده‌گه‌یه‌نێت، داوای ده‌ركردنی فه‌رمانێكی نوێی ده‌ستگیركردن بۆ سه‌رۆكی پێشووی سووریا ده‌كات؛ ده‌شڵێت، سه‌رۆكی پێشووی سووریا تاوانباره به به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له هه‌ردوو شاری عه‌درا و دۆما.
دووشه‌ممه، 28ـی ته‌ممووزی 2025، داواكاریی گشتیی فه‌ره‌نسا بۆ نه‌هێشتنی تیرۆر ڕایگه‌یاند، داوای فه‌رمانێكی نوێی ده‌ستگیركردنی بۆ به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی پێشووی سووریا كردووه، دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ی پێشوو.
لێکۆڵەرانی فەرەنسی له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2021ـوه لێکۆڵینەوە لە هێرشێکی "گازی سارین" دەکەن، كه به پێی زانیارییه‌كانی هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكا له ڕۆژانی 4 و 5ـی ئایاری 2013ـدا سوپای سووریا له شاره‌كانی عه‌درای پیشه‌سازی و دۆما به‌كاری هێناوه و له ئه‌نجامدا زیاتر له هه‌زار سووری كوژراون.
دادگای باڵا - دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی فەرەنسا، ڕۆژی هەینی ڕابردوو، 25ـی ته‌ممووز، بڕیاری دا کە هیچ هه‌ڵاواردن (إستثناء)ـێك ناتوانێت پارێزبەندیی سەرۆکی وڵاتێك هه‌ڵبگرێت، تەنانەت لە پرسه‌كانی تاوانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، بۆیه فەرمانی دەستگیرکردنەکەی هەڵوەشاندەوە کە لە ساڵی 2023ـدا له دژی ئەسەد دەرچووبوو، ئەو کاتەی هێشتا سەرۆکی سووریا بوو.
بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، بەو پێیەی ئەسەد کە لە مانگی کانوونی یه‌كه‌می 2024 لە پۆستەکەی نه‌ما و به‌ره‌و وڵاتێكی دیكه (ڕووسیا) هه‌ڵات و شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ماوه، دەکرێت فەرمانێكی نوێ لە دژی دەربکرێت و لێکۆڵینەوەکان له‌م باره‌وه له فەرەنسا بەردەوام بن.
پێشتریش له مانگی كانوونی دووه‌می ئه‌م ساڵدا، دادگای فه‌ره‌نسا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەسەد ده‌ركردبوو، هۆكاره‌كه‌شی تێوه‌گلانی ئه‌سه‌د بوو له تاوانی جه‌نگ و فه‌رمانكردن به سوپای وڵاته‌كه‌ی به بۆردمانكردنی شاری ده‌رعا له ساڵی 2017ـدا كه بووه هۆی كوژرانی هاووڵاتییه‌كی سووری – فه‌ره‌نسی.