ئەردۆغان: پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەبێتە هۆی بەهێزبوونی بواری دیموکراسی و ئابووری

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر تەنیا پرۆژەی هاوپەیمانی جمهوور نییە، بەڵکوو پرۆژەی حکوومەت و دەوڵەتەکەمانە.

دووشەممە، 28ی تەممووزی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر تەنیا پرۆژەی هاوپەیمانی جمهوور نییە، بەڵکوو پرۆژەی حکوومەت و دەوڵەتەکەمان و لە هەمووشیان گرنگتر پرۆژەی گەلەکەمانە، دەبینین هەنگاو بە هەنگاو ئەم خەونەمان دەبێتە ڕاستی و با کەس نیگەران نەبێت.

ئەردۆغان گوتی: پەنا بە خوا ئەو ڕێگەیەی گرتوومانەتە بەر، ئێمە دەگەیەنێتە تورکیایەکی بەهێز لە بواری دیموکراسی و ئابووریدا و کۆتاییەکەی برایەتی نێوان گەلەکەمانە، لەگەڵ پێشکەوتنی پرۆسەکەدا، کەشێکی گەشبینی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵمان زاڵە، ئێمە شەفافیەت و بەشداریکردنی فراوان لە پرۆسەکەدا لە پێشینەی کارەکانمان دادەنێین.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بە ڕوونی خواستی خۆمان بۆ بەشداریی هەموو لایەنەکانی ناو پەرلەمان ڕاگەیاندووە کە بەشدار بن لە پرۆسەکە. سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانیمان لەگەڵ لایەنەکان کۆبوونەوەی ئەنجامداوە بۆ ئەم مەبەستە، خەباتی تورکیا بۆ ڕزگاربوون لە کۆت و بەندەکانی تیرۆر نابێت بکرێتە قوربانی بەرژەوەندی و مامەڵەی تایبەت.

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی 11ی تەممووزی 2025 گرووپێکی 30 کەسی پەکەکە لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. پەکەکەش لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12مین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆ هەڵوەشاندنەوەی دا.

 
Fly Erbil Advertisment