جۆو ویڵسن: کار دەکەم بۆ ئەوەی میلیشیاکانی عێراق بە فەرمی بە ڕێکخراوەی تیرۆریستی بناسرێن

کۆنگرسێمانێكی ئەمەریکی دەڵێت: میلیشیاکانی عێراق بەپارەی ئەمەریکا هێرش دەکەنە سەر هاوڕێکانمان لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش قبوڵکراو نییە.

جۆو ویڵسن، کۆنگرێسمانی ئەمەریکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی؛ لەگەڵ بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم، سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان گفتوگۆم کردووە.

دەشڵێت: بەداخەوە بە درۆن هێرش کراوەتە سەر هاوڕێ بە بەهاکانمان لە هەرێمی کوردستان.

جۆو ویڵسن هەر لە پەیامەکەیدا کە لە ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویەتی "بە داخەوە بە پارەی ئەو باجانەی بە بەغدا دەدرێت، میلیشیاکان پارەدار دەکرێن و هێرشی سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن، هەروەها بە هاوکاریی ئێران کار بۆ تێکدانی سەقامگیری سووریا، عێراق، لوبنان و یەمەن دەکەن، هەربۆیە ناکرێت چیتر ئەمە قبوڵ بکرێت.

وێڵسن دەڵێت: کار دەکەم بۆ ئەوەی بە فەرمی گرووپە میلیشیاکانی عێراق بە ڕێکخراوەی تیرۆریستی بناسرێن و چیتر ئەمەریکاش هاوکاریی دارایی عێراق نەکات و ئەوانیش هاوکاریی میلیشیاکان نەکەن.

دوێنێ دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025، دژە تیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، کاتژمێر 05:50، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە ناحیەی ڕزگاری سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ خۆشبەختانە درۆنەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، 12ـی تەممووزی 2025، دژە تیرۆری کوردستان لە دوو ڕاگەیەنراوی جیاوازدا ڕایگەیاند، لە ماوەی کاتژمێر 06:00 بۆ 07:14 خولەکی بەیانیی لە ڕێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژکراو، هێرش کراوەتە سەر سێ کێڵگەی نەوتی؛ دووانیان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ئەوەی دیکەشیان لە قەزای شێخان، سنووری پارێزگای دهۆک.  

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی یەکەمی دژەتیرۆری کوردستان "بەیانی ڕۆژی چوارشەممە 16ی تەممووزی 2025، لە کاتژمێرەکانی 6:00 و 6:15، لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە پێشخابوور، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ."

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "هەروەها لە کاتژمێر 7:00 لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە تاوکێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، جگە لە زیانی ماددی کە بە کێڵگەکان کەوتن، هیچ زیانی گیانییان لێ نەکەوتەوە."

چەند خولەکێک دواتر، دژەتیرۆری کوردستان، لە دووەم ڕاگەیەنراویدا ڕایگەیاند " کاتژمێر 07:14 خولەک، لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی هاند ئۆیلی ئەمەریکی لە باعەدرێ، لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتەوە."

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە، 15ـی تەممووزی 2025، لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرش كرایە سەر كێڵگەی نەوتی سەرسنک، لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەش، 14ـی تەممووزی 2025، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانییان نەبوو.

نزیکەی کاتژمێر 2:20ـی بەرەبەیانیی هەمان ڕۆژیش (دووشەممە، 14ـی تەممووزی 2025) درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر تێکشکێندرا و خرایە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment