هیومان ڕایتس وۆچ: دەبێت حکوومەتی عێراق هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم ڕابگرێت

ڕێکخراوی 'هیومان ڕایتس وۆچ' ڕایگەیاند، هێرشی درۆنی لەلایەن گرووپە میلیشیا لەیاسا دەرچووەکان بۆ سەر پێنج کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستان و بەبارمتەگرتنی مووچەی مووچەخۆران، زیانی زۆری بە بەرهەمهێنانی وزە و فەرمانبەرانی هەرێم گەیاندووە .
سێشەممە، 29ـی تەممووزی 2025، ڕێکخراوی 'هیومان ڕایتس وۆچ' ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، ناکۆکیەکانی نێوان بەغدا و هەولێر درێژتر دەکاتەوە، ئاماژەی بەوەش دا، لە چوارچێوەی ئەم ناکۆکیەدا، بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ڕاگرتووە، دەبێت دەسەڵاتدارانی فیدراڵی عێراق و هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ هێرشە درۆنییەکان بکەن و ڕێگری لە هێرشی زیاتر بکەن بۆ سەر ژێرخانی وزە و دڵنیابن لە پێدانی مووچەی مووچەخۆران بەتەواوی و لە کاتی خۆیدا.
لە ڕاگەیاندراوەکەی هیومان ڕایتس وۆچ دا هاتووە، ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییە گرنگەکان هەبووە، لەوانەش چاودێری تەندروستی و پەروەردە.
ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ باسی لەوەش کردووە، هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان مەترسی لەسەر ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دروستدەکات و ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر کارەبا دەبێت.
ڕایتس وۆچ ڕوونیشی کردووەتەوە، پێویستە بە نیەتێکی باشەوە مامەڵە بکەن بۆ دڵنیابوون لە بەدیهێنانی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی دانیشتوان، هەروەها ئەولەویەت بدەن بە پێدانی مووچەی مووچەخۆران بۆ دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی دانیشتوان.
هەروەها سارا سەنبەر، توێژەری عێراق لە ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت: "لەناوبردنی بە ئەنقەستی ژێرخانی نەوت، کاردانەوەی جددی و مەترسیداری دەبێت لەسەر دەستڕاگەیشتنی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە خزمەتگوزارییە گشتیەکان، هەزاران مامۆستا و پزیشک و پەرستار ناتوانن خەرجی ڕۆژانەیان دابین بکەن، چونکە مووچەکانیان بەهۆی ناکۆکی سیاسییەوە بە بارمتە گیراوە."
بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی "زە نیو عەرەب"، بەهۆی هێرشە درۆنییەکەوە بەرهەمهێنانی نزیکەی 220 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا ڕاگیراوە، بەمەش کۆی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 70% کەمیکردووە، ئەمەش لەکاتێکدا تا ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیاریەتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی مووچە و دابینکردنی بودجەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان زۆر پشت بە داهاتی نەوت و گواستنەوەی بودجەی فیدراڵی دەبەستێت . لە ساڵی 2014ەوە، بەغدا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی ڕاگرتووە، پارەی مووچە و شایدتە داراییەکانی وەک فشار بەکارهێناوە بۆ ئەوەی حکوومەت ناچار بکات لە دانوستانەکاندا سازش بکات.
ڕۆژی 17ـی تەمموز، حکوومەتی عێراق ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و خەرجکردنی مووچەی کەرتی گشتی، ڕۆژی 24ـی تەممووز، وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێم وەرگرتنی پارەکەی ڕاگەیاند و مووچەی مانگی ئایار دابەش کرا. بەڵام تا ئێستا مووچەی مانگی حوزەیران و تەممووز نەدراوە.
کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ساڵی 2023ەوە لانیکەم نۆ جار لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کراوەتە سەر، دوایین جار لە مانگی شوباتی ساڵی 2025، هەروەها بووە هۆی کوژرانی چوار کرێکار، بەرهەمهێنانیش بۆ ماوەی نزیکەی هەفتەیەک وەستا. سەرەڕای بەڵێنەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، تا ئێستا حکوومەت ئەنجامی هیچ لێکۆڵینەوەیەکی بڵاونەکردۆتەوە و لێپرسینەوەشی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق نەکردووە.
لە 15ـی تەممووزدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی لێکۆڵینەوەی لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەرکرد و بەڵێنیدا لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بکات کە پەیوەندییان بەو هێرشانەوە هەیە .