نووسینگەی سوودانی: بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بەغدا دەستگیر کرا

دوای ڕاگەیەندراوەکەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، حکوومەتی عێراق لیژنەیەکی لەبارەی هێرشە چەکدارییەکەی سەر فەرمانگەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵ پێکهێنا و لێکۆلینەوەش لە هێرشە چەکدارییەکە دەکرێت.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی ڕووداوەکەی بەغدا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، لەسەر فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەدواداچوون دەربارەی ڕووداوە قێزەونەکەی سەر فەرمانگەیەکی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ لە بەغدا دەکرێت، هەروەها بەڕێوەبەری پێشووی ئەو فەرمانگەیەش دەستگیر کراوە، چونکە داوای هاوکاریی لە گرووپێکی چەکدار کردووە و پێشێلکاریی و گەندەڵیان کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای تۆمارکردنی کۆمەڵێک سکاڵا، سوودانی لیژنەیەکی بەسەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی پێکهێناوە، کە دوو نوێنەری دەستەی دەستپاکی عێراقیشی تێدایە، هەروەها لیژنەکە پێداچوونەوە و تاوتوێی ئەو سکاڵا و ناڕەزاییانەی کە ڕووبەڕووی جووتیارانی ناوچەی دۆرە و دەورووبەری پارێزگای بەغدا بووەتەوە دەکات.
ئاماژەی بەوەش داوە، لیژنەکە دەرەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە دەخاتە بەردەم سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەر حاڵەتێکی دەستدرێژی یان دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی زەوییە کشتوکاڵییەکانی سەر بە جووتیاران بگرێتەبەر.
یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی بەغدا بە پەیامنێری کوردستان24، شڤان جەباری ڕاگەیاند، لە گەڕەکی شەهیدانی ناوچەی سەیدیەی بەغدا شەڕ و پێکدادان لە نێوان حەشدی شەعبی و لیوای حەوتی پۆلیسی فیدراڵی ڕوویداوە.
سەرچاوەکەی پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە، شەڕەکە لە سەر زەوی کشتواڵی بووە، لە ئەنجامدا نۆ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.
لەوبارەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، گرووپێکی چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر فەرمانگەیەکی حکوومی لە بەغدا و دواتر پێکدادان لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارە ڕوویداوە و بووەتە هۆی برینداربوونی ئەفسەر و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان.
وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیەنەدراوێکدا ئاشکرای کرد، "ئەمڕۆ لە فەرمانگەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، لەگەڵ هاتنی بەڕێوەبەرێکی نوێ، گروپێکی چەکدار هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای فەرمانبەران دروستکرد کە دەستبەجێ داوای هاوکارییان لە هێزە ئەمنییەکان کرد."
ئاماژەی بەوەش کردووە، "پۆلیسی فیدراڵی دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و ڕاستەوخۆ لەلایەن چەکدارانەوە هێرشیان کراوەتە سەر، لە ئەنجامدا ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون."
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هێزە ئەمنییەکان توانیان 14 لەو چەکدارانە دەستگیربکەن کە دەستیان لە ڕووداوەکەدا هەبووە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی پێشتر باسی لەوە کردبوو، شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئەندامانی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەبارەی ناکۆکی لەسەر پۆستێکی ئیداری لە بەغدا ڕوویدا..
ئاماژەی بەوەش کرد، کاتێک بەرپرسە نوێیەکە بۆ دەستپێکردنی ئەرکەکانی لە یەکێک لەو بەڕێوەبەرایەتیانەی کە دەکەوێتە باشووری بەغدا چووەتە سەرکار، بەڕێوەبەری پێشوو کە هاوکات سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبیە ڕەتیکردەوە ئەو پۆستە ڕادەست بکات، ئەمەش وایکرد کەسی یەکەمی بەرپرس داوای هاوکاری لە گروپێکی چەکداری سەر بە خۆی بکات، و پێکدادان لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا ڕوویدا .
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکات، چەکدارە هێرشکارەکانی سەر وەزارەتی کشتوکاڵ دەستگیر بکرێن و ڕووبەڕووی یاسایان بکاتەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی داوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو قوربانیانە دەکەین، کە دوێنێ بەدەستی چەکدارانی 'کەتیبەکانی حزبوڵڵا' کوژراون، کە ئەو رێکخراوە لەلایەن ئەمەریکاوە لە لیستی تیرۆرە و لە چوارچێوەی حەشدی شەعبییە.
ڕاشیگەیاند، هێرشەکەی دوێنێی ئەو گرووپە بۆ سەر فەرمانگەیەکی سەر بەوەزارەتی کشتوکاڵ، بووە هۆی کوژران و بریندار بوونی پۆلیس و هاووڵاتیانی بێ تاوان.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین، ڕێکاریی یاسایی بەرانبەر ئەو چەکدارانە و سەرکردەکانیان بگیرێتەبەر و بەبێ دواکەوتن ڕادەستی دادگایان بکەن، ئەو بابەتە بۆ پاراستنی سەروەری یاسا و ڕێگریکردنە لە دووبارە بوونەوەی ڕووداوی هاوشێوە.