خامنەیی: ئەتۆمی و مافی مرۆڤ بیانوون، ئەمەریکا لە تواناکانی ئێران نیگەرانە

عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هۆکاری سەرەکیی دژایەتیی کردنی ئێرانی لە لایەن زلهێزە جیهانییەکانەوە بە تایبەتی ئەمەریکا، بۆ دین و زانست و یەکێتیی ئێرانییەکان لە ژێر سێبەری قورئان و ئیسلامدا گەڕاندەوە.
سێشەممە، 29ـی تەممووز، لە ڕێوڕەسمێکدا، بەبۆنەی چلەی فەرماندە و زانا کوژراوەکانی جەنگی 12 ڕۆژە، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وتارێکدا، هەڵگیرساندنی جەنگەکەی بۆ دەرکەوتنی ئیرادە و تواناکانی ئێران و نیگەرانیی ئەمەریکا بەرانبەر بە پێشکەوتنە زانستییە هەمەجۆرەکانی ئێران، گەڕاندەوە،
خامنەیی گوتی: گەلی ئێران، واز لە ڕێگەی بەهێزکردنی باوەر و پەرەپێدانی زانستە جۆراوجۆرەکان ناهێنێت و بە پێچەوانەی ویستی دوژمنان، ئێران دەگەیەنینە لوتکەی پێشکەوتن و شانازی.
ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، گوتی: پاش جەنگی 12 ڕۆژە، وڵاتانی جیهان بەرانبەر بە هێز و تواناکانی ئێران و خۆڕاگریی گەلەکەی، سەرسام بوونە؛ ئەوان لە نزیکەوە هەستیان بە بەهێزیی ئێران کرد. گەلی ئێران وەک هەمیشە، توانی بەسەر قەیران و گرفتە سەربازی و ئەمنی و سیاسییەکاندا زاڵ ببێت و پلانی دوژمنان پووچەڵ بکاتەوە.
خامنەیی، لە کوتایی قسەکانیدا گوتی: هۆی سەرەکیی دژایەتیی کردنی ئێران لە لایەن زلهێزەکانەوە، بە تایبەتی ئەمەریکا، دەگەڕێتەوە بۆ پتەوی دین و زانست و یەکێتیی ئێرانییەکان لەسایەی قورئان و ئیسلامدا؛ بابەتی ئەتۆمی و پێتاندن و مافی مرۆڤ، کە ئەوان باسی دەکەن، بیانوون، ئەوان تەنیا لە توانا و هێزی ئێمە نیگەرانن.