ئامێرێکی پێشکەوتووی تیشک بۆ نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک دابینکرا

لە پارێزگای دهۆک نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی نەخۆشخانەی ئازادی تەواوبوو، گوتەبێژی تەندروستی ئەو پارێزگایەش ئاماژە بەوە دەکات، ئەمساڵ زۆرترین خزمەتگوزاری تەندروستی لەو سنوورە پێشکەش کراون.
مەتین جەمیل، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ سێشەممە، 29ی تەممووزی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند: دوای ماوەیەکی زۆر ئەمڕۆ لەلایەن وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئامێرێکی تایبەت بە تیشک CT-SCAN دابینکرا بە بڕی ملیارێک و 150 ملیۆن دینار.
هەروەها گوتی: جگە لە دابینکردنی ئەم ئامێرە بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی نەخۆشخانەی ئازادی فێرکاری کۆتاییهات، چونکە پاڵەپەستۆیەکی زۆر لەسەر ئەم نەخۆشخانەیە هەیە.
گوتەبێژی تەندروستی دهۆک ئاماژە بەوە دەکات، ئەمساڵ حکوومەتی هەرێم چەند نەخۆشخانەیەکی گشتیی و سەنتەری تەندروستی کردووەتەوە لە سنووری پارێزگای دهۆک لە دیارترینیان نەخۆشخانەی گشتیی شارۆچکەی ئامێدی بوو.