چەندان کەسایەتی ناوداری ئیسرائیل داوای ئاگربەستی هەمیشەیی لە غەززە دەکەن
پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سزای توند بەسەر ئیسرائیلدا بسەپێنێت

31 کەسایەتی بەناوبانگی ئیسرائیل لە نامەیەکدا، حکوومەتی تەلئەڤیڤ بە برسیکردنی خەڵکی غەززە تۆمەتبار دەکەن و داوای ئاگربەستی هەمیشەیی دەکەن.
سێشەممە، 29ـی تەممووز، ڕۆژنامەی زە گاردیان، بڵاوی کردەوە "31 کەسایەتیی ناوداری ئیسرائیل، وەک یۆڤال ئەبراهام، وەرگری خەڵاتی ئەکادیمی؛ مایکڵ بێن یائیر، داواکاری گشتیی پێشووی ئیسرائیل؛ ئەڤراهام بێرگ، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئیسرائیل و سەرۆکی پێشووی ئاژانسی جوو؛ میخال نائامان، نیگارکێش؛ ڕەعنان ئەلێکساندرۆڤیچ، دەرهێنەری فیلمی دۆکیومێنتاری؛ ساموێل ماعۆز، دەرهێنەری فیلمی "لوبنان" کە خەڵاتی شێری زێڕینی بردەوە؛ ئاهارۆن شەبتا، شاعیر و ئینبال پینتۆی سەماکار و چەندانی تر، لە نامەکەیەکدا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حکوومەتی ئیسرائیل، بە برسیکردنی خەڵکی غەززە تا مردن و بیرکردنەوە لە دەرکردنی زۆرەملێی ملیۆنان فەڵەستینی لەو کەرتە، تۆمەتبار دەکەن."
لە نامەکەیاندا هاتووە "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سزای توند بەسەر ئیسرائیلدا بسەپێنێت تاوەکو کۆتایی بەم شەڕە دەهێنێت و ئاگربەستێکی هەمیشەیی جێبەجێ دەکات."
"پێویستە هەموو کەسێک هەست بەو برسێتییە بەربڵاوەی کە هەزاران کەسی غەززەیی گیرۆدەی بوونە، بکات. نابێت لەمەودا کاتی خۆمان بە مشتومڕ لەسەر پێناسە تەکنیکییەکانی نێوان برسێتی و برسێتی بەربڵاو، بە فیڕۆ بدەین."
"بارودۆخەکە مەترسیدار و کوشندەیە؛ نابێت ئەو بیانووانە قبووڵ بکەین کە حەماس تاکە هۆکاری سەرەکییە بۆ برسییبوونی خەڵکی غەززە، دەوڵەتی جوولەکەش لەم کارەساتە مرۆییەدا بێتاوان نییە.. دەبێت لە بەرانبەر کارەساتێکی مرۆیی وا گەورەدا، وەڵامی ئەخلاقی و هەڵوێستی مرۆڤدۆستانەمان هەبێت."
"ڕێگریی لە گەیشتنی خۆراک، ئاو، دەرمان، و کارەبا بە تایبەتی بۆ منداڵان، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت؛ با نەهێڵین خۆشەویستیمان بۆ ئیسرائیل لە ئاست هاواری برسی و تینووەکاندا دڵڕەق و کوێرمان بکات. با لە ئاستی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی ئەم کارەساتەدا بین."
نامەکە، بایەخێکی زۆری هەیە، هەم لەبەر ڕەخنە توند و ڕاستەوخۆکانی لە ئیسرائیل و هەم لەبەر شکاندنی تابووی ڕێگریی ڕەخنەگرتن لە ئیسرائیل بەرانبەر بە کردوەکانی لە غەززە.
ئێستا، ناڕەزایی نێودەوڵەتی بەرانبەر شەڕی ئیسرائیل لە غەززە، زیاتر لەناو خۆی ئیسرائیل و ناو جووەکانی تاراوگەدا ڕەنگی داوەتەوە؛ بەتایبەتی پاش بڵاوبوونەوەی وێنەی منداڵە فەڵەستینییە برسی و لاوازەکان و ئەو ڕاپۆرتانەی دەربارەی تەقەکردنی هێزەکانی ئیسرائیل لەو فەڵەستینییە برسییانەی لە ناوەندەکانی دابەشکردنی خۆراکدا کۆبوونەتەوە.
دووشەممەی ڕابردوو، دوو گرووپی ناسراوی مافی مرۆڤی ئیسرائیلی، بتشێلێم و پزیشکانی مافی مرۆڤی ئیسرائیل، ڕاپۆرتێکیان بڵاو کردەوە کە تێیدا بۆ یەکەمجار، ئیسرائیلیان بە کۆمەڵکوژیی فەڵەستینییەکان لە غەززەدا تۆمەتبار کرد.
هەروا یەکشەممەی ڕابردوو بزووتنەوەی ڕیفۆرم، کە گەورەترین مەزهەبی جووەکانە لە ئەمەریکا، ڕایگەیاند "حکوومەتی ئیسرائیل بە برسیکردنی خەڵکی غەززە، تاوانبارە."
ئەم هەڵوێستانەی دوایی، پاش لێدوانەکانی سەرەتای ئەم مانگەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، ئیهود ئۆلمێرت دێت، کە بە گاردیانی گوت "دروستکردنی شارێکی داخراو بۆ کۆکردنەوەی فەڵەستینییەکان، کە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پێشنیازی کردووە، هەنگاوێکە بە پاکتاوکردنی ڕەگەزی دادەنرێت."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، بەرپرسان و ڕێکخراوە ناحکوومەتییە ڕاستڕەوەکان بەردەوامن لە نکۆڵیکردن لەوەی ئیسرائیل هۆی بڵاوبوونەوەی برسییەتی بێت لە غەززە.