ڕاگەیەنراوی کۆنفرانسی چارەسەری دوو دەوڵەت: غەززە دەخرێتە ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی فەڵەستینی

ڕاگەیەنراوی کۆنفرانسی چارەسەری دوو دەوڵەت بڵاو کرایەوە و تێیدا داوا دەکەن حەماس چەک دابنێت و دەوڵەتی فەڵەستین ڕابگەیەنرێت.
سێشەممە 29ـی تەممووزی 2025، لە دووەمین ڕۆژی کۆنفرانسی چارەسەری دوو دەوڵەت لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، ڕاگەیەنراوی کۆنفرانسەکە بڵاو کرایەوە.
لە ڕاگەیەنراوی کۆنفرانسەکەدا هاتووە، داوا دەکەین بە زووترین کات و بێ مەرج هاوکاری مرۆیی بگەیەندرێتە غەززە و کار لەسەر بەدیهێنانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە نەبوونی ڕێکاری یەکلاکەرەوە بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت، ململانێکان زیاتر دەبن و ئاشتی بەدی نایەت.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، دەبێت غەززە و کەرتی ڕۆژئاوا یەکبخرێنەوە و حەماسیش چەک رادەستی دەسەڵاتی فەڵەستین بکات و دەوڵەتی فەڵەستینیش ڕابگەیەنرێت.
کۆنفرانسەکە دوێنێ دەستی پێکرد و لە لایەن فەرەنسا و سعوودییەوە سەرپەرشتی دەکرا، هەروەها دەیان وڵات لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارییان کرد و پشتیوانییان لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین کرد.