گلەییەکانت لای چات جی پی تی مەکە

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای OpenAI ئاشکرای کرد، تەکنەلۆجیای ژیری دەستکرد گەرەنتی پاراستنی نهێنییەکان ناکات و ناڕاستەوخۆ هۆشداریی لە درکاندنی دەردە دڵ و تایبەتمەندییەکانی ژیان بۆ ChatGPT دەدات.

سام ئەلتمان بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای OpenAI دەڵێت: درکاندنی زانیارییە تایبەتەکانی ژیانت بۆ 'چات جی پی تی' و ڕاوێژ پێکردنی، ناتوانێت لەڕووی یاساییەوە گەرەنتی پاراستنی نهێنییەکانت بکات.

گوتیشی: لەڕووی یاساییەوە هەرکاتێک دادگا داوای گفتوگۆی نێوان کەسێک و چات جی پیتیمان لێ داوا بکات وەکو بەڵگە دەبێت هەموو تۆماری گفتوگۆکانیان بدەینێ، ئەگەر چاتەکانیش سڕا بێتەوە، ئەوە کۆپییەکی لەلای کۆمپانیا هەر دەمێنێتەوە.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای OpenAI ئامۆژگاری تاکەکان دەکات و دەڵێت: باشترە کێشە و گرفت و نهێنییەکانت لەلای ڕاوێژکارێک یاخود پزیشکێکی دەروونی یان پارێزەرێک باس بکەیت، چونکە لەڕووی یاساییەوە دەتوانن بێدەنگی هەڵبژێرن و دادگا زۆریان لێ ناکات تاوەکو زانیاری و نهێنییەکانت وەکو بەڵگە بەکاربهێنن.

چات جی پی تی، چاتبۆتێکە کە لەلایەن OpenAI پەرەی پێدراوە و لە تشرینی دووەمی 2022 بڵاوکراوەتەوە. هەر نووسینێک یان گفتوگۆیەکی لەگەڵ بکەی بەخێرایی و بەوردی وەڵامت دەداتەوە. هەروەها دوای بڵاوبوونەوەی ChatGPT، بەهای OpenAI  گەیشتە 29 ملیار دۆلار. 

 
 
Fly Erbil Advertisment