کەمئاوی هەڕەشە لە ژینگە و سروشتی پارێزگای سنە دەکات

پارێزگای کوردستان کە بەهۆی کەشوهەوای شاخاوی، زۆریی کانی و ڕووبار و سروشتە سەوزەکەیەوە هەمیشە، وەک ناوچەیەکی گرنگی سەرچاوەی ئاو ناسراوە، لە ساڵانی دواییدا ڕووبەڕووی هەڕەشەی جددی و ڕوو لە هەڵکشانی وشکەساڵی بووەتەوە. 

وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا، کاریگەریی ڕاستەوخۆ و حاشاهەڵنەگریان لەسەر سەرچاوە ئاوییە سەرزەمینی و ژێرزەمینییەکانی پارێزگای سنە بەجێ هێشتووە. دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەکان، کەمبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی ئاوی کانییەکان، سەرچاوە نەریتییەکانی دابینکردنی ئاویان لە زۆرێک لە ناوچەکاندا تووشی کێشە کردووە. بەدوای ئەم گۆڕانانەشدا، ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکاندا، ڕووبەڕووی کێشەی وەک پچڕانی بەردەوامی ئاو و دابەزینی کوالێتی ئاو بووەتەوە.

کشتوکاڵ لەبەردەم زیانی جددیدا

لە کەرتی کشتوکاڵدا، کە یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی ئابووریی ناوخۆیی پارێزگای سنە، کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو بووەتە هۆی دابەزینی بەرهەمهێنان و کارایی ئابووری. کەمیی ئاوی ئاودێری، داخورانی خاک و لەناوچوونی هەندێک بەرهەمی کشتوکاڵی، نەک تەنیا بژێوی هەزاران جووتیاری خستووەتە مەترسییەوە، بەڵکو ئاسایشی خۆراکی ناوچەکەشی ڕووبەڕووی ئاڵنگاری کردووەتەوە.

تێکچوونی ژینگەیی و لەناوچوونی سەرچاوە سروشتییەکان 

وشکەساڵییە یەک لە دوای یەکەکان، دەرەنجامی وێرانکەریان بۆ ژینگەی پارێزگاکەش بەدواوە بووە. وشکبوونی زۆنگاوەکان، کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەکان و لەناوچوونی لەوەڕگاکان، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی فرەچەشنیی زیندەوەرەکان، کۆچی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان و سەرهەڵدانی ناسەقامگیرییە ئیکۆلۆجییەکان. ئەم ڕەوتە، لە ماوەیەکی درێژخایەندا دەتوانێت هاوسەنگیی سروشتیی ناوچەکە تێک بدات و ببێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی ژینگەیی.

محەممەد فەرهاد، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای سنە، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی 'ئیلنا'، نیگەرانیی قووڵی لە دۆخی ئێستای سەرچاوەکانی ئاو لە پارێزگاکە دەربڕی و جەختی لەسەر پێویستیی تێڕوانینی تایبەتیی حکوومەت و بەخێرایی تەرخانکردنی بودجە بۆ چارەکردنی قەیرانی ئاو لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکە کردەوە.

فەرهاد، بە شیکردنەوەی وردەکاری و ئامارەکانی پەیوەست بە ڕووماڵی خزمەتگوزارییەکانی دابینکردنی ئاو لە پارێزگاکە، دۆخی ئێستای بە نالەبار و نیگەرانکەر وەسف کرد و گوتی: سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکان لە ساڵانی ڕابردوودا، پارێزگای سنە هێشتا ڕووبەڕووی کەمیی سەرچاوەکانی ئاوە و بەشێکی گەورەی دانیشتووانی گوندنشین و تەنانەت شارنشینیش، لە دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خواردنەوەی پاک و بەردەوام، بێبەرین.

ڕووماڵی ناتەواو لە ناوچە گوندنشین و شارنشینەکان

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای سنە، ئاماژەی بە ڕووماڵی ناوچەکانی پارێزگاکە کرد و گوتی: نزیکەی 30%ی دانیشتووانی پارێزگای سنە، لە گوندەکاندا نیشتەجێن. ئەمە لە کاتێکدایە کە تێکڕای گوندە بەهرەمەندەکان لە ئاوی خواردنەوە لە ئاستی وڵاتدا دەگاتە 86%، بەڵام لە کوردستان ئەم ڕێژەیە لە81%ە. ئەم جیاوازییە ئامارییە ئەوە دەردەخات کە بەشێک لە دانیشتووانی پارێزگا هێشتا لە خزمەتگوزارییە بەردەوامەکانی دابینکردنی ئاو بێبەرین.

ناوبراو، هەروەها ئاماژەی بە دۆخی ناوەندی شاری سنە کرد و گوتی: لە 9%ی دانیشتوانی شاری سنە کێشەی نەبوونی تۆڕی ئاودابینکردن بوونەتەوە کە بەبێ دابینکردنی سەرچاوەی دارایی نوێ، کێشەکەیان چارە ناکرێت. ناوەندی شاری سنە پێویستی بە دروستکردنی پاڵاوگەی ژمارە 3 هەیە کە تاکو ئێستا هیچ جۆرە هەنگاوێکی جددی بۆ دروستکردنی نەنراوە.

حکوومەت ڕێگریی لە پەرەسەندنی قەیرانەکە بکات

هەر لەم بارەیەوە سالار مورادی، نوێنەری خەڵکی سنە لە پەرلەمانی ئێران، بە ئاژانسی 'ئیلنای' گوت: لە کاتێکدا ڕووبەری کوردستان تەنها نزیکەی 2%ی کۆی گشتیی ڕووبەری وڵات پێک دەهێنێت، بەڵام ڕێژەی سەرچاوەکانی ئاوی بەردەست لە پارێزگاکەدا زیاتر لە 5%ی کۆی گشتیی ئاوی وڵاتە. ئەم بابەتە بە ڕوونی توانا شاراوەکانی کوردستان لە بواری دابینکردنی ئاودا نیشان دەدات، بەڵام بەداخەوە، بە هۆی جیاواز وەک نەبوونی بەڕێوەبردنێکی یەکگرتوو، تەرخاننەکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان و لاوازیی ژێرخانەکانی گواستنەوە، خەڵکی پارێزگاکە پشکی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەی خۆیان لەم سەرچاوانە وەرناگرن.

مورادی، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ڕەنگە لە هەندێک بارودۆخدا بتوانرێت لەگەڵ کێشەکانی وەک خاویی ئینتەرنێت، کەمیی ناوەندە تەندروستییەکان یان تەنانەت کەموکووڕی لە ژێرخانە پەروەردەییەکاندا مامەڵە بکرێت، بەڵام لە نەبوونی ئاودا، بە کردەیی چالاکییە بەرهەمهێنەرەکان و بەردەوامیی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ، لە توانادا نابێت.

سالار مورادی، لە کۆتاییدا وێڕای هۆشداری لە دەرەنجامە کۆمەڵایەتی، ئابووری و ژینگەییەکانی بەردەوامبوونی ئەم ڕەوتە دا و داوای کرد کە کێشەی دابینکردنی ئاوی پارێزگای سنە بخرێتە کارنامەی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی وزە و بە گرتنەبەری بڕیاری کردەیی و جێبەجێکردنی پرۆژەی ژێرخانی ستراتیجی، ڕێگریی لە پەرەسەندنی قەیرانەکە بکرێت.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment