حەمزە مستەفا: کۆبوونەوە لهگهڵ ههسهده بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونە بە ڕێککەوتنامەی 10ـی ئادار

وەزیری ڕاگەیاندنی سووریا دەڵێت: کۆبوونەوەی پاریس لەگەڵ هەسەدە بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونە بە ڕێککەوتنامەی 10ـی ئادار، هەسەدە دەرفەتێکی گەورەی لەبەردەستە.
پێنجشەممە 31ـی تەممووزی 2025، حەمزە مستەفا، وەزیری ڕاگەیاندنی سووریا، لە ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵوی ڕاگەیاند: تەوەری کۆبووەنەوەکانی شاندی دیمەشق لەگەڵ شاندی هەسەدە لە پاریس، جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکانی نێوانیان بووە و هەروەها پابەندی رێککەوتنی 10 ئاداربن و خۆیان لە سیناریۆیەکی بنبەست بەدوور بگرن و پشت بە لێکدانەوەی هەڵە نەبەستن.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەمەریکا هەوڵ بۆ هەمان ئامانج دەدات و هەڵوێستی تورکیاش ئاشکرایە کە سووریا دەبێت یەك پارچە بێت و نابێت کورد کانتۆنی لە باشووری سنووری وڵاتەکەی هەبێت.
ئاشکراشی دەکات، ئێستا دەرفەتێکی گەورەی سیاسی بۆ هەسەدە هەیە، ئەویش بریتییە لەوەی لەسەر بنەمای یەك وڵات و یەك حکوومەت و یەك سوپا، بگات بە چەند ڕێککەوتنێك کە ڕۆڵێکی کاریگەری لە ئاییندەی سووریادا هەبێت و ئەو سێ کۆڵەگەیەش سازشی بۆ ناکرێت.
سێشهممه، 29ـی تهممووزی 2025، مەزڵووم عەبدی لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: لەگەڵ حکوومەتی سووریا لە پەیوەندیی بەردەوامدان. دووپاتشی کردەوە، هەسەدە لەگەڵ حکوومەتی سووریایە بۆ ئەوەی بەیەکەوە سوپایەک دروست بکەن.
مەزڵووم عەبدی لەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع گوتی، دیدارێکی باش بوو. ڕەتیشی کردەوە هیچ پێشنیازێکی پێ درابێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی سووریا.
لە 10ـی ئاداری 2025، ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد بۆ یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بە حکوومەتی نوێی سووریا، لەوانەش دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، کێڵگەکانی نەوت و گاز، هەروەها ڕێککەوتنەکە یەکپارچەیی خاکی سووریای دووپات کردەوە و دابەشکردنیشی ڕەت کردەوە، لەو کاتەوە چەندین دانیشتن و دانوستاندن بەڕێوە چووە.