دانی ئۆڵمۆ گرێبەستەکانی بارسێلۆنا لە گرێبەستەکانی ریاڵ مەدرید بە باشتر دەزانێت

دانی ئۆڵمۆ، یاریزانی بارسێلۆنا
دانی ئۆڵمۆ، یاریزانی بارسێلۆنا

دانی ئۆلمۆی ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا ستایشی ئەو گرێبەستانە دەکات، کە کارگێڕی یانە کەتەلۆنییەکە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی واژۆی کردوون.

ئۆڵمۆ لە لێدوانێکدا بۆ کادینا کوبی گوتوویەتی "ئێمە ئەم هاوینە ریزەکانمان بە یاریزانە بەناوبانگەکانی جیهان بەهێزکردووە، کە دەتوانن بارسێلۆنا زیاتر بەهێز بکەن".

ناوەڕاستکارە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەکردووە: کە گرێبەستەکانی بارسێلۆنا زۆر باشترن لەو گرێبەستانەی ریاڵ مەدرید ئەنجامی داون.

بۆ بیرهێنانەوە.. بارسێلۆنا ئەم هاوینە گرێبەستی لەگەڵ تەنیا سێ یاریزان کردووە، کە ئەم یاریزانانەن:

  • رۆنی باردغی، یاریزانی باڵی راستە و لە کۆپنهاگنی دانیمارکییەوە پەیوەندی بە یانەکە کردووە.
  • خوان گارسیا، گۆڵپارێزە و لە یانەی ئیسپانیۆلەوە هاتووەتە بارسێلۆنا.
  • مارکۆس راشفۆرد، هێرشبەرە و لە مان یونایتدەوە بە شێوازی خواستن تا کۆتایی ئەم وەرزە یانە ئیسپانییەکە گواستوویەتییەوە لەگەڵ بژاردەی کڕینەوەی یاریزانەکە.

یانەی ریاڵ مەدریدیش بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری سێ یاریزانی بەرگریکاری گواستووەتەوە یانەکەی کە ئەمانەن:

  • دین هاوسن، لە دڵی بەرگری یاریی دەکات و لە بۆرنمۆسی ئینگلیزییەوە گواستوویەتییەوە.
  • ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد، لە بەرگری لای راست یاریی دەکات و لە لیڤەرپوولی ئینگلیزییەوە هاتووەتە ریاڵ مەدرید.
  • ئالڤارۆ کارێراس، لە بەرگری لای چەپ یاریی دەکات و لە بێنفیکای پۆرتوگالییەوە پەیوەندی بە یانەکە کردووە.

دانی ئۆڵمۆی ئیسپانی تەمەنی 27 ساڵە و لە 2024 بە 60 ملیۆن یۆرۆ لە لایپزیگی ئەڵمانییەوە پەیوەندی بە بارسێلۆنا کردووە، بەهای یاریزانەکە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بەرز و نزمی نەکردووە و ئێستاش بە هەمان شێوە بە 60 ملیۆن یۆرۆیە.

 
 
Fly Erbil Advertisment